رووسیا: 68 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیامان تێکشکاندووە

وەزارەتی بەرگریی رووسیا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی، شەوی رابردوو توانیویەتی 68 درۆنی  ئۆکرانی لە ئاسمانی چەندین ناوچەی جیاوازدا تێکبشکێنن.

شەممە 15ـی شوباتی 2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لە کاتژمێر 11:00ـی شەوی 14ـی شوبات دەستیپێکردووە و تاوەکو 7:00ـی بەیانی 15ـی شوبات بەردەوام بووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکەکان لە ئاسمانی دەریای ئازۆف، دەریای رەش، هەرێمی کڕاسنۆدار، کریمیا و ناوچەکانی کۆرسک و ستاڤرۆپۆل کراونەتە ئامانج و خراونەتە خوارەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە رووسیا دوێنێ شەممە تێکشکاندنی 20 فڕۆکەی دیکەی بێفڕۆکەوانی لە چەند ناوچەیەکی وەک ئۆریۆل، مۆسکۆ و کریمیا راگەیاندبوو.

سوپای رووسیا ئاشکرای کردووە، هێرشی چڕیان کردووەتە سەر ژێرخانی وزە و هێڵەکانی گواستنەوەی ئۆکرانیا کە وەک پاڵپشتی بۆ هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بەکاردەهێنرێن. 

وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوە شکردووە، لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، مووشەک و تۆپخانەکانەوە، زیانیان بە 154 ناوچەی جیاواز گەیاندووە، لەوانە: کۆگاکانی چەک، بنکەکانی هەڵدانی درۆنی دوورمەودا و شوێنی مانەوەی سەربازانی بیانی.

سەبارەت بە ئەنجامی شەڕەکانی 24 کاتژمێری رابردوو لە بەرەی جەنگیی باشوور، رووسیا دەڵێت،"155 سەربازی ئۆکرانی کوژراون و ژمارەیەک زرێپۆشی جۆری "سپارتان" و وێستگەیەکی جەنگی ئەلیکترۆنی و چەندین کۆگای تەقەمەنی تێکشکێنراون."

ئەم پەرەسەندنە نوێیانە لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان هەردوو وڵات لە رێگەی درۆن و هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و سەربازی چڕتر بووەتەوە، هاوکات جوڵە دیپلۆماسییە چاوەڕوانکراوەکان بەردەوامە بۆ کۆتایی هێنان بەو جەنگەی چەند ساڵێکە بەردەوامە. 

لەمبارەیەوە رۆژی هەینی 13ـی شوباتی 2026، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن رایگەیاند، خولێکی نوێی دانوستانەکان بۆ چارەسەری قەیرانی ئۆکرانیا لە رۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگە (شوبات) لە شاری جنیڤی سویسرا بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە لەم کۆبوونەوەیەدا شاندی باڵای هەریەکە لە رووسیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئۆکرانیا بەشدار بن.

لای خۆیەوە، حکوومەتی سویسرا بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە هەفتەی داهاتوو میوانداریی ئەم گفتوگۆ سێقۆڵییە دەکات.

 نیکۆلا بیدۆ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی سویسرا، ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی پشتیوانی لە هەر دەسپێشخەرییەکی دیپلۆماسی دەکات کە ئامانج لێی گەیشتن بێت بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لە ئۆکرانیا".