عێراق و ئێران ژمارەیەک روفاتی جەنگی هەشت ساڵەیان ئاڵوگۆڕ کرد

نەشئەت مەنسووری، بەرپرسی دۆسیەی ئاڵوگۆڕی روفاتەکان رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە رێوڕەسمێکدا ئاڵوگۆڕی روفاتی بێسەروشوێنبووان لەنێوان کۆماری عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام درا.

نەشئەت مەنسووری بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی گوت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی شوباتی 2026، رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی روفاتی بێسەروشوێنبووانی جەنگی یەکەمی کەنداو لەنێوان هەردوو وڵات بەڕێوەچوو.

باسی لەوەشکرد کە لایەنی عێراقی 79 روفاتی رادەستی ئێران کردووەتەوە کە ناسنامەی 41 روفاتیان نەناسراو بووە، لە بەرامبەردا 6 روفاتیان لە ئێران وەرگرتووەتەوە کە 3 روفاتیان خاوەن ناسنامەن و 3 ڕووفاتەکەی دیکەش نەناسراون.

ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستەڕوو کە کارەکانی گەڕان و هەڵکەندن لەسەر درێژایی سنوورەکان و مەیدانەکانی جەنگی پێشوو بەردەوامن.

جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران (1980-1988) ژمارەیەکی زۆر قوربانی و بێسەروشوێنبوونی لێکەوتەوە، کە تا ئێستاش روفاتی سەربازانی ھەردوولا لە ناوچە سنوورییەکان دەدۆزرێنەوە، عێراق و ئێران لە رێگەی لیژنەی تایبەت و بە ھاوکاری خاچی سوور، بەردەوامن لە گەڕان و ئاڵوگۆڕکردنی روفاتی سەربازەکان.