مارکۆ روبیۆ: ئەمریکا لە دانوستانەکانی تایبەت بە ئۆکرانیا ناکشێتەوە

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە لێدوانێکیدا جەختی لەسەر بەردەوامیی رۆڵی واشنتن لە دانوستانەکانی تایبەت بە جەنگی ئۆکرانیا کردەوە و ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە کشانەوەی ئەمریکا دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ مارکۆ روبیۆ لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) کۆبووەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دڵنیایی داوەتە هاوتاکانی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بەشداریکردنی کارا لە دانوستانەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی ئۆکرانیا.

جگە لە پرسی ئۆکرانیا، روبیۆ لەگەڵ وەزیرانی گرووپی حەوت تاوتوێی چەند پرسێکی هەستیاری دیکەی کردووە، لەوانەش، ئاشتی و سەقامگیری، ململانێکان لە ئەوروپا، ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها ئاسایشی دەریایی، ئاڵنگارییەکانی ناوچەی هیندستان و زەریای هێمن و نیوەگۆی رۆژئاوا، هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ڤەنزوێلا.

لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکانیدا، روبیۆ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "بلومبێرگ" ئەو راپۆرتە میدیاییانەی بە توندی رەتکردەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ئیدارەی ئەمریکا لە چەند هەفتەی داهاتوودا لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تایبەت بە ئۆکرانیا دەکشێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاوتاکانی لە گرووپی حەوت جەختیان لەسەر "گرنگی بەهێزکردنی هاوکارییە فرەلایەنەکان" کردووەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی رووبەڕووی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی دەبنەوە.