روبیۆ: تا ئێستا هیچ کەسێک لە رێککەوتن لەگەڵ ئێران سەرکەوتوو نەبووە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوەکەی لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و وەزیری دەرەوەی سووریا بە مێژوویی وەسف کرد و ئاشکرای دەکات، بە دەستێوەردانی راستەوخۆی ترەمپ هەموو زیندانیانی داعش گواستراونەتەوە بۆ عێراق و رێککەوتن بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزە کوردییەکان بە سوپای سووریا کراوە، هاوکات ستراتیژی نوێی وڵاتەکەی بەرانبەر تاران و دیمەشق رووندەکاتەوە.
یەکشەممە 15ـی شوباتی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کۆبوونەوەکەم لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مێژوویی بوو.
روبیۆ ستراتیژی نوێی ئەمریکا لە سووریا و ئاشکرای کرد کە واشنتن لەبەردەم دوو بژاردەی چارەنوسسازدا بووە و دواجار بڕیاریانداوە پشتیوانی لە سەقامگیری بکەن.
لەبارەی ستراتیژییەکان رایگەیاند، بژاردەی یەکەم بریتی بوو لە رێگەدان بەوەی سووریا دابەش ببێت بۆ 18 پارچەی جیاواز، کە ئەمەش دەبووە هۆی دروستبوونی شەڕی ناوخۆی درێژخایەن، ناسەقامگیری، شەپۆلی کۆچبەران و گۆڕینی وڵاتەکە بۆ گۆڕەپانی تیرۆریستان و داعش، هەروەها رێگەخۆشکەر دەبوو بۆ ئەوەی ئێران جارێکی دیکە دەستوەردان بکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، بژاردەی دووەم بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و تیمەکەی، کە ئێمە بژاردەی دووەممان هەڵبژارد، چونکە بڕیارێکی ژیرانە و مەنتقی بوو.
سەبارەت بە ئاڵنگارییەکانی قۆناغی داهاتووش، روبیۆ دانی بەوەدا نا کە دۆخەکە ئاسان نابێت و گوتی: "ئایا ئەمە ئاسان دەبێت؟ نەخێر. ئایا سەخت دەبێت؟ بەدڵنیاییەوە. رۆژی خۆش و ناخۆش و هەڵبەز و دابەزی دەبێت، بەڵام بژاردە راستەکە بوو.
مارکۆ روبیۆ، وردەکارییەکانی پەیوەندییە راستەوخۆکانی دۆناڵد ترەمپ و شەرع سەبارەت بە دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و چارەنووسی زیندانیانی داعش خستەڕوو و رایگەیاند، کاتێک گرژییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا سەریان هەڵدا، ترەمپ نەک جارێک، بەڵکوو دوو جار راستەوخۆ قسەی لەگەڵ شەرع کردووە و پێی گوت: "شەڕەکە رابگرە بۆ ئەوەی بتوانین زیندانیانی داعش لەو ناوچەیە بگوازینەوە."
روبیۆ ئاشکرای کرد کە بەهۆی ئەو هەوڵانەوە توانراوە هەزاران زیندانی داعش بگوازرێنەوە بۆ عێراق و لە مەترسی دووربخرێنەوە؛ ئەگەر ئەمە نەکرایە، رووبەڕووی هەڵاتنی بەکۆمەڵ دەبووینەوە و 4 بۆ 5 هەزار بکوژی داعش بڵاودەبوونەوە و دەبوونە هەڕەشە بۆ داهاتوومان، بەڵام شەرع بەڵێنەکەی بردە سەر."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، روبیۆ باسی لەوە کرد کە ئاگربەستەکە کاتی پێداون بۆ کارکردن لەسەر رێککەوتنی تێکەڵکردنەوەی کوردەکان لەگەڵ هێزە نیشتمانییەکانی سووریا و گوتی: گەیشتووینەتە رێککەوتن لە نێوان کوردەکان و دیمەشق بۆ ئەم تێکەڵبوونە. ئێستا دەبێت رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، کە بێگومان کارێکی ئاسان نابێت.
روبیۆ ئاماژەی بەوەش دا، جگە لە کورد، پێویستە حکوومەتی سووریا بگاتە رێککەوتن لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی وەک دروز، بەدەوی، عەلەوییەکان و سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە.
روبیۆ سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، سەرنجی خستە سەر سروشتی دەسەڵاتدارانی تاران و ئاستەنگەکانی بەردەم رێککەوتن، جەختیشی کردەوە کە سەرەڕای مێژووی شکستخواردووی دانوستانەکان، ئەوان هەوڵی خۆیان دەدەن.
روبیۆ سەبارەت بە عەقڵییەتی دەسەڵاتدارانی ئێران گوتی: ئێمە مامەڵە لەگەڵ کەسانێک دەکەین کە بڕیارە جیۆسیاسییەکانیان تەنیا لەسەر بنەمای بیروباوەڕی ئایینی دەدەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دانی بەوەدا نا کە رابردوو هاندەر نییە و گوتی: تا ئێستا هیچ کەسێک نەیتوانیوە رێککەوتنێکی سەرکەوتوو لەگەڵ ئێران ئەنجام بدات، بەڵام ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین.
سەبارەت بە پلانی ئێستای ئەمریکاش، روبیۆ روونیکردەوە: ئێمە سەرنجمان خستووەتە سەر دانوستانەکان. ئەگەر ئەمە گۆڕانی بەسەردا بێت، بۆ هەمووان ئاشکرا دەبێت و بێگومان هەرچییەک یاسا لێمان داوا بکات، ئەوە دەکەین.