یەکەم کاروانی ئاوارەکانی عەفرین دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان
ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین تەواو بوون و بڕیارە لە ماوەی دە رۆژی داهاتوودا، یەکەم کاروانی ئاوارەکان لە هەردوو شاری حەسەکە و قامشلۆوە بەرەو ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان لە عەفرین بە رێ بکەون.
یەکشەممە، 15ـی شوباتی 2026، سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە 10 رۆژی داهاتوودا، یەکەم کاروانی ئاوارەکانی ئاوارەکان لە هەر دوو شاری حەسەکە و قامشلۆ، بەرەو عەفرین دەگەڕێنەوە.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە تایبەتە، یەکەم کاروانی گەڕانەوە، نزیکەی 400 خێزان لەخۆ دەگرێت. زۆربەی ئەو خێزانانە خەڵکی شارۆچکە و ناحیەکانی (جندرێسێ، مۆباتۆو شییە)ـن و پرۆسەکەش وەک بەشێک لە پلانێکی رێکخراو بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەبوون جێبەجێ دەکرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سوریا بەڕێوە دەچێت.
لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا هاتووە، کە حکوومەتی سوریا بە فەرمی بەڵێنی داوە بەرپرسیارێتیی پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتییانە لە ئەستۆ بگرێت و تەواوی رێوشوێنەکان بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتییان لە کاتی گەیشتنەوەیان بۆ ناوچەکانیان لە عەفرین، بگرێتە بەر.