کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەهۆی ناکۆکییەوە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا
بەهۆی ناکۆکییەکان لەسەر کاندیدی سەرۆکوەزیران و پرسی کشانەوەی نووری مالیکی، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
دووشەممە 16ـی شوباتی 2026، یاسر تەڵاڵ، لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیار بوو کاتژمێر 8:00ی ئەمشەو لە نووسینگەی هومام حەموودی ئەنجام بدرێت، بەڕێوە ناچێت و بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە تایبەت بوون بە پرسی یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق. لەم نێوەندەدا، ناکۆکیی قووڵ لەسەر مانەوە یان کشانەوەی نووری مالیکی وەک کاندیدی سەرۆکوەزیران دروستبووە.
لە لایەکی دیکەوە، عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق، هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکەی گەڕاندەوە بۆ رێکنەکەوتنی لایەنە کوردییەکان لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.
سەبارەت بە چارەنووسی کاندیدبوونی مالیکی، زانیاریی دژبەیەک بڵاوکراونەتەوە؛ لە کاتێکدا رەوتی حیکمە و هاوپەیمانیی نەسر ئاماژە بە ئەگەری کشانەوەی مالیکی دەکەن، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە نووری مالیکی سورە لەسەر خۆکاندیدکردن و بەردەوام دەبێت.