سبەی لە سنووری شەقڵاوە و دارەشەکران زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەشدەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکوو ئێستا 14 قۆناغی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانییەکانی هەولێر بەڕێوەچووە و سبەیش زەوی لە سنووری شەقڵاوە و دارەشەکران دابەشدەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: سبەی سێشەممە 17ــی شوباتی 2026، دابەشکردنی زەوی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی شەقڵاوە و دارەشەکران بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەم مەبەستەش سێ هەزار و 500 فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر گوتیشی ، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت و لە رۆژانی داهاتوودا لە سنووری هەردوو سەرۆکایەتی شارەوانی کۆیە و خەباتیش زەوی دابەشدەکرێت.

هەروەها باسی لەوەش کرد، تاوەکوو ئێستا 14 قۆناغی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانییەکانیان بەڕێوەچووە و بەردەوامیش دەبێت.

 لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.