بەر لە بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران، عراقچی و گرۆسی کۆبوونەوە
لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمی و لێکەوتەکانی جەنگی 12 رۆژە، ئەمڕۆ دووشەممە عەباس عراقچی گەیشتە جنێڤ و وەک ئامادەکارییەک بۆ دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا، سەرەتا لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆم کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسە تەکنیکییەکان.
دووشەممە 16ـی شوباتی 2026، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە مەبەستی بەڕێوەچوونی گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا گەشیتە جنێڤ، هاوکات بەر لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی واشنتن، عراقچی و رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کۆبوونەوە.
ئەم کۆبوونەوەیەش لە کاتێکدایە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تاران و دامرکاندنەوەی کێشەکانی دوای جەنگی 12 رۆژە، چڕتر بوونەتەوە.
ڕافایل گرۆسی لەوبارەوە لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: گفتوگۆیەکی قووڵمان لەسەر پرسە تەکنیکییەکانی بەرنامەی ئەتۆمی تارانام لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کرد، ئێمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆبوونەوەی سبەی نێوان ئەمریکا و ئێران.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەوڵدەدات لە رێگەی دانوستان و گفتوگۆ مۆڵەتی ئێران بۆ چوونە نێو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کە لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو وێران کرابوون وەربگرێت.
بەر لە کۆبوونەوەکە عراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیبووی: بۆ تاوتێکردنی پرسی تەکنیکی لەگەڵ گرۆسی کۆدەبمەوە؛ هەروەها ئاماژەشی دابوو، بەر لە بەڕێوەچوونی دانوستانەکان لەگەڵ بەدر بن حەمەد ئەلبوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کۆ دەبمە و کە رۆڵی نێوەندگر دەگێڕن.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کردبوو، بە مەبەستی گەیشتنە ڕێککەوتنێکی یەکسان و دادپەروەر دەچمە جنێڤ.
ئەمەش لە کاتێکدایە هەینی، 6ی شوباتی 2026، گەڕێکی دانوستانە ئەتۆمییە ناڕاستەوخۆکان، لە نێوان شاندە باڵاکانی ئێران و ئەمەریکا لە مەسقەتی پایتەختی سەڵتەنەی عوممان، بەڕێوە چوون.