ئەڵمانیا بەهۆی کێشەی کۆچبەرانەوە چاودێریی سنوورەکانی چڕ دەکاتەوە
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەرلین کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژ دەکاتەوە، سەرەڕای رەخنەی وڵاتانی دراوسێ، ئەم بڕیارە تا کاتی دیاریکردنی "سیاسەتێکی گونجاوی ئەوروپی لەسەر کۆچبەری" کاری پێدەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، لیۆنارد کامینسکی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەم چاودێرییە کاتییە دوای دوو درێژکردنەوەی پێشوو، تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
کامینسکی روونی کردەوە، "سیاسەتی کۆچ لە ئەڵمانیادا دووبارە رێکدەخرێتەوە" هەروەها چاودێریی سنوورەکان یەکێکە لە لایەنەکانی ئەم پرۆسەیە و سەرکەوتنێکی بەدەستهێناوە.
ئەم رێکارە سەرەتا لەلایەن حکوومەتی پێشووی سۆسیال دیموکرات، بە سەرۆکایەتی راوێژکار ئۆلاف شۆڵتزەوە دەستیپێکرد، دوای زنجیرەیەک هێرش کە هەندێکیان لەلایەن پەنابەرانەوە ئەنجامدرابوون.
دوای وەرگرتنی دەسەڵات لە مانگی ئایاردا، حکوومەتی هاوپەیمانی نوێ بە سەرۆکایەتی فریدریک مێرتز، چاودێریی سنوورەکانی زیاتر چڕکردەوە و ژمارەیەکی زیاتری پۆلیسی سنووری خستە کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی داواکارانی مافی پەنابەری.
لە مانگی کانوونی یەکەمدا، مێرتز رایگەیاند، تاوتوێی کۆتاییهێنان بەم رێکارە دەکات، ئەمەش دوای بڕیارێکی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی توندوتۆڵی کۆچ لەسەر سنوورەکانی دەرەوە هات.
کامینسکی ئاماژەی بەوە کرد، لە مانگی ئەیلوولی 2024ەوە، نزیکەی 50 هەزار کەس دوای تێپەڕبوونیان لە سنوورەکان بە نایاسایی گەڕێنراونەتەوە.