ڤینۆس عوسمان رۆمانی "رەنگی ئاسمانم بیرچووەتەوە"ی بڵاوکردەوە

ڤینۆس عوسمان، خانمە نووسەر، نوێترین رۆمانی خۆی لەژێر ناونیشانی "رەنگی ئاسمانم بیرچووەتەوە"، کە لە دوتوێی 380 لاپەڕەدایە و بە ماوەی شەش ساڵ نووسیویەتی، بڵاوکردەوە.

دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، ڤینۆس عوسمان، خانمە نووسەر، دەربارەی بڵاوکردنەوەی رۆمانە نوێیەکەی، بە کوردستان24ـی راگەیاند: رۆمانی "رەنگی ئاسمانم بیرچووەتەوە"، چەند تەوەرێک لەخۆدەگرێت وەک سەختی ژیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و خەون و خەیاڵ و ئومێد و هیواکانی کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت کە هەموو ژیانی لە نێوان چوار دیواردایە، بەڵام ئەو دەفڕێت و خەونی گەورە دەبینێت. ئەو کچە هەرچەندە هەموو ژیانی لە ژوورەکەیدایە، بەڵام چەندین رووداوی گەورە و چاوەڕوان نەکراو لە ژیانیدا روودەدەن.

ڤینۆس عوسمان گوتیشی: ئەو رۆمانە گێڕانەوەی ژیانی کەسایەتییەکی راستەقینەیە، کە زۆرجار کەسایەتییەکی ناسراوی مێژوویی، زانستی، یان هونەرییە، بەڵام بە شێوازێکی ئەدەبی و هونەری. من تەنیا پەنا بۆ گێڕانەوەی رووداوەکان نابەم، بەڵکو خەیاڵ بەکاردێنم بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی کە مێژوو باسی نەکردوون. خاڵە بایەخدارەکانی ئەم جۆرە رۆمانە، گێڕانەوەی چیرۆکێکە لەسەر بنەمای ژیاننامەی کەسێکی داهێنەر. بە دیوێکی تردا، ئەم رۆمانە دیالۆگێکی درێژ و قووڵ لەگەڵ خۆی و رۆژگارەکانیدا دێنێتە ئاراوە، وەک هەستە ناوەکییەکان و وردەکاری ژینگەکە بە خەیاڵی خۆی دادەڕێژێتەوە بۆ ئەوەی خوێنەر چێژی لێ وەربگرێت.

ئەو خانمە نووسەر باس لە سەختی نەخۆشییەکەی دەکات و دەڵێت: هەر لە سکماکەوە تووشی نەخۆشی پووکانەوەی ماسوولکەم. هەرچەند نەخۆشییەکە لە لەدایکبوونمەوە لەگەڵمدا بووە، بەڵام تا تەمەنی 10 ساڵی رێم کردووە، بەڵام بە خراپی و لە رۆژێکدا دەیان جار دەکەوتم. لە دە ساڵییەوە لەپێکەوتووم و نەخۆشییەکەم بەپێی کات زیاد دەکات و ساڵ بە ساڵ و رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت. ئێستا کە ماوەی 19 ساڵە لەپێکەوتووم، زۆر توانای تریشم لەدەست داوە، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، من هەمیشە هانی خۆم داوە و خۆم بە بەهێزترین کچ داناوە.

هەروەها ڤینۆس عوسمان، خانمە نووسەر، لە ساڵی 1997 لە چەمچەماڵ لەدایکبووە. لە تەمەنی 10 ساڵییەوە لەپێکەوتووە، هەر ئەوەیش وای لێکردووە رۆمانێک لەسەر ژیانی سەختی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بنووسێت.