34 کەس لە خێزانی چەکدارانی داعش گەڕێندرانەوە کەمپی رۆژ

بەهۆی نەبوونی هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی سووریا، هەوڵی گەڕاندنەوەی 34 کەس لە خێزانی چەکدارانی داعش کە هەڵگری رەگەزنامەی ئوسترالین بۆ وڵاتەکەیان شکستی هێنا دووبارە ڕەوانەی ناو کەمپی رۆژ لە رۆژئاوای کوردستان کرانەوە.

حەکیمە ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەمپی رۆژ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ میدیاکان رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی شوباتی 2026، 11 خێزانی ئوسترالی کە پێکهاتبوون لە 34 کەس زۆربەیان ژن و منداڵبوون، بڕیار وابوو کەمپەکە بەجێبهێڵن و بگەڕێندرێنەوە بۆ ئوسترالیا؛ بەڵام بەهۆی ئاستەنگی دیپلۆماسی و نەبوونی هەماهەنگی پێویست لەگەڵ دیمەشق، پڕۆسەکە راگیرا و خێزانەکان گەڕێندرانەوە بۆ ناو کەمپەکە.

کەمپی رۆژ کە دەکەوێتە دەوروبەری شاری دێرک، یەکێکە لەو کەمپانەی کە خێزانی چەکدارانی بیانی داعشی تێدا راگیراوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ئێستادا 710 خێزانی داعش کە خەڵکی 40 وڵاتی جیاوازی جیهانن لەو کەمپەدا نیشتەجێن.

ئەم رووداوە دووبارە کێشەی خێزانە بیانییەکانی ناو کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی هێناوەتە بەرباس، کە زۆرێک لە وڵاتان ئامادە نین هاووڵاتییە چەکدارەکانیان وەربگرنەوە، ئەمەش بارگرانییەکی ئەمنی و مرۆیی گەورەی لە ناوچەکەدا دروست کردووە.