کەی باشترین کاتە بۆ خواردنی چەرەزات بۆ ئەوەی زۆرترین سوود بە جەستەت بگات؟

چەرەزات بە یەکێک لە تەندروستترین ژەمە سووکەکان (سناک) دادەنرێت، چونکە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی پرۆتین، ڕیشاڵ و چەورییە سوودبەخشەکانە؛ بەڵام بەپێی توێژینەوە پزیشکییەکان، کاتی خواردنی چەرەزات ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لەوەی جەستە چۆن سوودی لێ دەبینێت، جا ئامانجەکە بەدەستهێنانی وزە بێت، یان دابەزاندنی کێش و پاراستنی تەندروستی دڵ.

ماڵپەڕی "Verywell Health" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر دەتەوێت بۆ ماوەیەکی درێژ وزەت هەبێت، باشترین کات بۆ خواردنی چەرەزات بەیانیان یان نیوەڕوانە. چەرەسات بەهۆی هەبوونی مەگنیسیۆم و ڤیتامینەکانەوە یارمەتی جەستە دەدات خۆراک بۆ وزە بگۆڕێت و بە پێچەوانەی شیرینییەکانەوە، ئاستی شەکر لە خوێندا بە جێگیری دەهێڵێتەوە.

بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن، پسپۆڕان پێشنیاز دەکەن نزیکەی 30 خولەک پێش ژەمی نیوەڕۆ یان ئێوارە، بڕێکی دیاریکراو چەرەزات بخورێت. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە زووتر هەست بە تێری بکات و لە کاتی ژەمە سەرەکییەکەدا کالۆری کەمتر بخوات، چونکە ڕیشاڵ و پرۆتینەکانی ناو چەرەزات هەستی تێربوون درێژ دەکەنەوە.

سەبارەت بە تەندروستی دڵ، توێژینەوەکان دەریدەخەن کە خواردنی بەردەوامی چەرەزات گرنگە. خواردنی جۆرەکانی وەک بادەم، کاجو و بستە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵی خراپ و چەورییە سیانییەکان، ئەمەش مەترسی جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکان کەمدەکاتەوە. هەروەها بۆ تەندروستی مێشک، چەرەسات بەهۆی دەوڵەمەندی بە ڤیتامین (E) و ئۆمیگا 3، وەک قەڵغانێک کاردەکات بۆ پاراستنی خانەکانی مێشک لە پیربوون.

پسپۆڕانی تەندروستی جەخت لەوە دەکەنەوە کە نابێت لە خواردنی چەرەساتدا زیادەڕەوی بکرێت. بڕی پێشنیازکراو بۆ هەر ڕۆژێک تەنیا 30 گرامە، کە یەکسانە بە نزیکەی 20 دەنک بادەم، یان 15 دەنک کاجو، یان 40 دەنک فۆلی سودانی. ئەم بڕە گونجاوە بۆ ئەوەی جەستە هەموو سوودەکان وەربگرێت بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی زیادبوونی کێش.