سەفین دزەیی: داعش کۆتایی نەهاتووە
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، هەرچەندە خەلافەتی داعش لە نێوبراوە، بەڵام مەترسییەکانی ئەو ڕێکخراوە وەک شانەی نوستووی چالاک هێشتا بەردەوامن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: رێکخراوی داعش وەک فیکر و ئایدۆلۆژیا کۆتایی نەهاتووە و هەرچەندە خەلافەتی داعش تێکشکێندرا، ئێستاش داعش وەک خانەی نوستوو ماون، بەڵام خانەیەک کە زۆر چالاکن.
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە دا، دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە سووریا ڕوویاندا، بەشێک لەو ناوچانەی لە ژێر دەستی ڕژێمی پێشوودا بوون، ئێستا کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی داعش، بەتایبەت لە ناوچەی جەزیرەی سووریا و لە ناوخۆی عێراقیشدا بەردەوام کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدرێن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە مەترسییەکە هێشتا بەردەوامە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لەوەش کرد، ڕووبەڕووبوونەوەی داعش زۆر زەحمەتترە لە چاو ساڵانی ڕابردوو، چونکە جاران بەرەکانی شەڕ و جەبهەکان دیار بوون و رووبەڕووبوونەوەکە ڕاستەوخۆ بوو، بەڵام ئێستا داعش بە شێوەیەکی نهێنی و شاراوە کار دەکات و هۆشداریی دا لەبارەی بارودۆخی ناو کەمپەکان.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، پێویستە هەماهەنگییەکی باش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای فیدراڵی و هاوپەیمانان هەبێت بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت داعش خۆی ڕێکبخاتەوە.