تەرمی بەرهەمهێنەری درامای "تاران" لە هۆتێلێکی یۆنان دۆزرایەوە
دانە ئیدن، بەرهەمهێنەری ناوداری ئیسرائیلی و یەکێک لە بەرهەمهێنەری درامای "تاران"، لە تەمەنی 52 ساڵیدا بە شێوەیەکی گوماناوی لە ژووری هۆتێلەکەی لە شاری ئەسینای پایتەختی یۆنان بە مردوویی دۆزرایەوە.
پۆلیسی یۆنان رایگەیاندووە کە تەرمی دانە ئیدن لە کاتێکدا دۆزراوەتەوە کە لە ئەسینا بووە بە مەبەستی کارکردن و وێنەگرتنی وەرزی چوارەمی درامای "تاران".
هاوکات دوای دۆزینەوەی تەرمەکە، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی ورد دەستیپێکردووە و پزیشکی دادوەریش فەرمانی پشکنینی جەستەی دەرکردووە بۆ دیاریکردنی هۆکاری راستەقینەی گیانلەدەستدانەکەی.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەکانی پۆلیسەوە بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی بەڵگە سەرەتاییەکان و گوتەی شایەتحاڵەکان، ئەگەرێکی زۆر هەیە کە رووداوەکە خۆکوشتن بێت.
درامای "تاران" کە دانە ئیدن یەکێک بوو لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی، لە دەرهێنانی دانیێڵ سیرکینە و تا ئێستا سێ وەرزی لێ نمایشکراوە. زنجیرەکە باس لە چیرۆکی سیخوڕێکی مۆسادی ئیسرائیلی دەکات کە بە ناسنامەیەکی ساختەوە دەچێتە ناو قووڵایی تاران بە مەبەستی هاککردنی سیستەمە ئەمنییەکان و لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ئەم زنجیرەیە لەسەر ئاستی جیهانی دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبووە و چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە، مردنی ئیدنیش لە کاتی وێنەگرتنی وەرزی نوێدا شۆکێکی گەورەی بۆ ستافی دراماکە و جیهانی سینەما دروست کردووە.