باراک ئۆباما روونکردنەوەیەکی لەبارەی بوونی بونەوەرە ئاسمانییەکان بڵاو کردەوە

بڵاوبوونەوەی پارچە ڤیدیۆیەکی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەنگدانەوەیەکی فراوان و مشتومڕێکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست کرد. ئۆباما لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ براین تایلەر کۆهین خاوەنی پۆدکاستێکی بەناوبانگ، بە شێوەیەکی گوماناوی وەڵامی پرسیارێکی دایەوە کە ئایا بونەوەرە ئاسمانییەکان راستین یان نا، ئەمەش وایکرد دواتر ناچار بێت روونکردنەوەی زیاتر بدات.

لە میانی بڕگەی پرسیارە خێراکاندا، کاتێک لە ئۆبامای پرسی "ئایا بونەوەرە ئاسمانییەکان راستین؟"، ئەو بە شێوەی گاڵتەجاڕی وەڵامی دایەوە و گوتی: "بەڵێ ئەوان راستین، بەڵام من نەمبینیون و لە ناوچەی 51یشدا نەشاردراونەتەوە." دواتر ئۆباما بە پێکەنینەوە گوتی هیچ بنکەیەکی نهێنی لە ژێر زەویدا نییە بۆ حەشاردانی بونەوەرەکان، مەگەر پیلانگێڕییەکی ئەوەندە گەورە هەبێت کە تەنانەت لە سەرۆکی وڵاتیشیان شاردبێتەوە.

ئەم قسانە بە خێرایی لە ناو بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەوە و وەک پشتڕاستکردنەوەی بوونی بونەوەرە نامۆکان لێکدرایەوە. بەهۆی ئەم تێگەیشتنە، ئۆباما ڤیدیۆکەی لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە و روونکردنەوەی دا کە قسەکانی تەنیا وەک گاڵتەیەک بووە لە چوارچێوەی پرسیارە خێراکاندا و نابێت بە مانای وشە وەربگیرێن.

ئۆباما لە روونکردنەوەکەیدا گوتی، لەبەر ئەوەی گەردوون زۆر فراوانە، لە رووی ئامارییەوە ئەگەری بوونی ژیان لە دەرەوەی زەوی هەیە، بەڵام دوورییە بێشومارەکانی نێوان کۆمەڵە خۆرەکان وا دەکات ئەگەری سەردانی بونەوەرەکان بۆ سەر زەوی زۆر کەم و لاواز بێت.

هەروەها جەختی کردەوە لە ماوەی هەشت ساڵی سەرۆکایەتیدا، هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراوی نەبینیوە کە بیسەلمێنێت بونەوەرە ئاسمانییەکان پەیوەندییان بە مرۆڤەوە کردبێت، بەمەش کۆتایی بەو تیۆریانە هێنا کە دەڵێن حکوومەتی ئەمریکا لە بنکە سەربازییە نهێنییەکاندا مێشک و تەرمی بونەوەری ئاسمانی پاراستووە.