نەوزاد شێخ کامیل: لە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا، هاووڵاتیان زەرەرمەندی یەکەمن
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم رایدەگەیەنێت، بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا" و زیادکردنی باجی گومرگی بەبێ ئامادەکاری پێشوەختە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کاڵاکان و دواجار هاووڵاتییان باجەکەی دەدەن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم بە کوردستان24ـی راگەیاند، سیستەمی نوێی گومرگی عێراق (ASYCUDA) سیستەمێکی ئەلیکترۆنی جیهانییە و بۆ وڵاتانێک گونجاوە کە سەقامگیریی سیاسی و ئابوورییان هەبێت.
نەوزاد شێخ کامیل ئاشکرای کرد، حکوومەتی عێراق بە مەبەستی چوونە ناو رێکخراوی بازرگانی جیهانی (WTO) پەلەی کردووە لە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە و هاوکات باجی گومرگیی لەسەر کاڵاکان لە رێژەی %3 و % 5ـەوە بۆ %30 بەرزکردووەتەوە، هۆشداریدا کە ئەم هەنگاوە لەگەڵ دۆخی ئێستای بازاڕ و ژێرخانی ئابووری عێراقدا ناگونجێت و دەبێتە هۆی شۆک بۆ بازاڕ.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی رایگەیاند، "تەنیا لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەتوانرێت ئەم سیستەمە جێبەجێ بکرێت، بەڵام لە دەروازەکانی پەروێزخان، باشماخ و حاجی ئۆمەران بەهۆی ئەوەی هاوسنوورن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو وڵاتە سزای ئابووری لەسەرە، ناتوانرێت سوود لە سەکۆی ئەلیکترۆنی و دۆلاری فەرمی (1320 دینار) وەربگیرێت."
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بازرگانانەی لەو دەروازانەوە کاڵا دەهێنن، ناچارن دۆلار لە بازاڕی رەش بە نرخێکی بەرزتر بکڕن، ئەمەش راستەوخۆ نرخی کاڵاکان لەسەر هاووڵاتییان گران دەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دڵنیایی دا کە لیژنەکانی چاودێری بازاڕ بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون، بەتایبەت بۆ ئەو کاڵایانەی کە پێشتر هاتوونەتە کۆگاکانەوە (مەنەفێستی کۆنیان هەیە) و رێگە نادرێت بەبیانووی دۆخی نوێوە نرخەکەیان بەرز بکرێتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل داوای لە هاووڵاتییان کرد کولتووری "بایکۆت" پەیڕەو بکەن و هەر کاڵایەک نرخەکەی بەشێوەیەکی نادروست بەرزبووەوە، بۆ ماوەیەک نەیکڕن تا نرخەکەی دادەبەزێتەوە و بازرگانان نەتوانن قۆرخکاری بکەن.
دەشڵێت: بەهۆی ئەم سیستەمە هەژاری زیاد دەکات، بێکاری زیاد دەکات. چونکە بەڕاستی بازرگانەکان کاڵا ناهێنن، کە کاڵایشیان نەهێنا ئەو کاتە بێ بازاڕی دروست دەبێت و ساغکردنەوەی نامێنێت، کەواتە بە دڵانیاییەوە زیانی زۆرتر بەر هاوڵاتیانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکەوێت.