کەسێکی نابیست 20 ساڵە چایخانەیەکی لە شارەزوور داناوە
چایچییەک لە شارەزوور توانای قسەکردن و بیستنی نییە، بەڵام بۆ هەتاهەتایە شێوازی چایەکەت لەبیر ناکات.
لە قەزای شارەزوور، چایچییەک سەرەڕای نەبوونی توانای بیستن و قسەکردن، خاوەنی یادەوەرییەکی دەگمەنە و بووەتە جێی سەرنجی دانیشتووانی ناوچەکە.
تەها، خاوەنی یەکێک لە گەورەترین و دیارترین چاخانەکانی قەزای شارەزوورە و خاوەن تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێشە؛ ئەگەر هەر کەسێک تەنیا یەکجار سەردانی بکات و بە ئاماژە شێوازی چایەکەی (کاڵ، تۆخ، یان شیرین) بۆ روون بکاتەوە، ئیتر بۆ هەمیشە لە یادگەی خۆیدا تۆماری دەکات. دوای چەند ساڵێکیش بچیتەوە لای، هەمان ئەو چایەت بۆ دەهێنێت یەکەمجار داوات کردبوو، بێ ئەوەی پێویست بە دووبارەکردنەوە بکات.
کوڕەکەی کاک تەها وەک وەرگێڕی زمانی جەستەی باوکی قسە دەکات و دەڵێت: "باوکم لە ساڵی 2006ـەوە ئەم چاخانەیەی داناوە، پێش ئەوەش هەر لە بازاڕی سیروان شاگرد بووە و لە ساڵی 1996ـەوە کار دەکات، بۆیە زۆربەی خەڵک دەیناسن."
سەبارەت بە نهێنیی تام و چێژی چایەکەی، تەها لە ڕێگەی کوڕەکەیەوە هۆکارەکەی بۆ "دەستی خۆی" دەگەڕێنێتەوە. ئەو پێی وایە: "چایەکە چایەکی ئاساییە، بەڵام دەستڕەنگینی منە؛ شاگردەکانیشم چا لێدەنێن بەڵام وەک هی من دەرناچێت و خەڵک زیاتر حەزیان لە دەستی منە."
سەردانیکەرانی ئەم چاخانەیە باس لەوە دەکەن؛ کاک تەها پیاوێکی زۆر رووخۆش، بێ زیان و پاکوخاوێنە، هەر ئەمەش وایکردووە چاخانەکەی ببێتە شوێنی کۆبوونەوەی بەشێکی زۆر لە کاسبکاران و دانیشتووانی شارەزوور.
تەها خێزاندارە و خاوەنی دوو کچ و کوڕێکە، لە ناوچەکەدا وەک نموونەی مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە و خۆشەویست دەناسرێت.