جنێڤ؛ مۆسکۆ و کیێڤ بە نێوەندگیریی واشنتن کۆبوونەوە
یەکەم رۆژی دانوستانە سێقۆڵییەکانی نێوان ئۆکرانیا، رووسیا و ئەمریکا لە شاری جنێڤ کۆتایی هات. سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد، کە گفتوگۆکان 6 کاتژمێری خایاندووە و تێیدا باس لە "سازشی گەورە" کراوە، لە کاتێکدا ئەوروپییەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە ژووری دانوستانەکاندا بەشدار نین.
سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندی رووسی، سێشەممە 17ـی شوباتی 2026، رایگەیاند کە یەکەم رۆژی دانوستانەکانی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە جنێڤ کۆتایی هات، کە بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی "تاس" ئاشکرای کرد: "دانوستانە سێقۆڵییەکان سەبارەت بە ئۆکرانیا لە جنێڤ دوای شەش کاتژمێر کۆتاییان هات". سەرچاوەیەک بۆ ئاژانسەکە روونی کردەوە کە ئەو شاندانەی لە جنێڤ دانوستان دەکەن، راپۆرت لەسەر دۆخی ئێستای دیالۆگەکە پێشکەش بە پایتەختەکانیان دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی رۆژئاوایی ئاماژەی بەوە دا کە "دانوستانە سێقۆڵییەکانی جنێڤ تاوتوێی پرسە سەرەکییەکان و سازشکردنی گەورە دەکەن". هەروەها خاڵێکی گرنگی خستە روو و گوتی: "ئەوروپییەکان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ژووری دانوستانەکاندا لە جنێڤ ئامادە نین".
شاندەکانی رووسیا، ئۆکرانیا و ئەمریکا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆتێل "ئینتەرکۆنتینێنتاڵ" لە جنێڤ دەستیان بە گفتوگۆی داخراو کرد، لە کاتێکدا نوێنەرانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئیتاڵیا لە شوێنەکە ئامادە بوون.
پێشتر، "رۆستەم عومەرۆڤ "، سەرۆکی شاندی ئۆکرانی و وەزیری پێشووی بەرگری، رایگەیاندبوو کە "پرسە ئەمنی و مرۆییەکان لە خشتەی کاردان"، و ئاماژەی بەوەش دابوو کە کارەکان "بە شێوەیەکی بونیاتنەر" و دوور لە "پێشبینیی زیاد لە پێویست" بەڕێوە دەچن.
لەلای خۆیەوە، "دیمیتری پیسکۆڤ"، گوتەبێژی کرێملین رایگەیاند کە پێویست ناکات چاوەڕێی راگەیاندنی ئەنجامەکان بین بۆ ئەمڕۆ، "چونکە بڕیارە سبەی کارەکان دەست پێ بکەنەوە".
دانوستانەکان پشت بە پلانێکی ئەمریکی دەبەستن کە چەند مانگێک لەمەوبەر راگەیەندراوە و، هێشتا پرسی پێشکەشکردنی سازش لە لایەن کیێڤەوە سەبارەت بە رووبەری زەوییەکان لە بەرانبەر گەرەنتیی ئەمنی، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانە.