چین، ژنێک بە چوار ساڵ زیندانی سزادەدات بەهۆی "نیشاندانی دۆخی وهان" لەکاتی کۆرۆنا
پارێزەری جانگ: دادگای شەنگەهای بە چەند کاتژمێرێک سزای دا و تێنەگەیشتین تۆمەتەکەی چییە!
K24 - هەولێر
دادگای تاوانەکانی چین ئەمڕۆ هاووڵاتییەکی بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزادا، بەهۆی لێکۆڵینەوە لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە وهان.
رین چانیو، پارێزەری ئەو ژنە سزادراوە، بە رۆژنامەوانانی راگەیاند؛ دادگای شەنگەهای دوای دادگاییکردنێک کە تەنیا چەند کاتژمێرێکی خایاند، سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەر جانگ زانی تەمەن 37 ساڵ دا سەپاند، کە پارێزەرێکی پێشووە، ئەمەش بە تاوانی "نانەوەی پشێوەی".
پارێزەرەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "جانگ زۆر خەمبار بوو بە بیستنی سزاکەی"، ئاماژەی بەوەش دا ئەو زۆر "بەپەرۆشە" بەهۆی حاڵەتی دەروونیی چانگ.
بەپێی گوتەی یەکێک لە پارێزەرانی جانگ، دادگا گوتوویەتی "جانگ زان، لێدوانی درۆی بڵاوکردووەتەوە لە ئینتەرنێت" بەڵام داواکاری گشتی بەتەواوی بەڵگەکانی لە دادگا نەخستووەتەڕوو.
پارێزەرەکە باس لەوە دەکات "ئێمە هیچ رێگەیەکمان لەبەردەمدا نەبوو تاوەکو بزانین بەدیاریکراوی جانگ بە چی تۆمەتبارە"، ئاماژەی بەوەش داوە "داواکاری گشتی وەڵامی پرسیارەکانی نەدایەوە".
رین کوانیو، یەکێکی دیکەیە لە تیمی بەرگریکاران لە جانگ، بە رۆژنامەوانانی گوتووە، دایکی جانگ بە دەنگی بەرز دەگریا کاتێک سزاکەیان خوێندەوە. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە، رۆژنامەوانانیش رێگەیان پێنەدراوە لە دادگاییکردنەکە ئامادەبن.
ئاژانسە فەرەنسییەکە دەڵێ: نزیکەی 10 سیاسەتمەداری بیانی و لایەنگرانی جانگ، هەوڵیانداوە بچنە نێو هۆڵی دادگاییکردنەکە، بەڵام پۆلیس ئەوان و رۆژنامەوانەکانی دەرکردووەتە دەرەوە.
جانگ، خۆی دانیشتووی شەنگەهایە، بەڵام لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لەکاتی بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا، چووەتە وهان و لەوێ چەندین راپۆرتی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بەو دۆخە شێواییەی لە نەخۆشخانەکان دروستبووە.
داتا فەرمییەکان دەریدەخەن، لە وهان، چوار هەزار کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. وهان شارێکی گەورەیە و دانیشتووانەکەی 11 ملیۆن کەس دەبن، واتا زۆربەی ئەوانەی لە چین بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، لە وهان بوون.
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە چین، حکومەتی ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەو پزیشکانەشدا کرد، کە باسیان لە دەرکەوتنی ڤایرۆسێکی نەزانراودا دەکرد و، تۆمەتباری کردن بە "بڵاوکردنەوەی دەنگۆ".
جانگ لە مانگی ئایاردا بەتۆمەتی "نانەوەی پشێوی" دەستبەسەرکرا و، لە مانگی حوزەیران بەهۆی ناڕازیبوونی مانی لە خواردن گرت. بەگوتەی پارێزەرەکەی "خواردنی بەزۆر و لەڕێگەی سۆندەیەکەوە کە لە لووتی نراوە، پێدراوە".
جگە لە جانگ زان، سێ رۆژنامەنووسی چینی بە ناوەکانی: چن کیوشی، فانگ بین و لی زیهوا بەهۆی رووماڵکردنی هەمان رووداو دەستبەسەرکراون.
باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە پەکین دەڵێ "کەیسی جانگ مایەی ترسێکی جدییە لە ئازادیی ئامرازەکانی راگەیاندن لە چین" و داوای کرد "چین هەموو ئەو رۆژنامەوانانە ئازاد بکات، کە بەهۆی رووماڵی رۆژنامەوانی دەستبەسەرکراون".
لیۆ لان، راوێژکاری رێکخراوی "بەرگریکاری چینی لە مافەکانی مرۆڤ"، کە رێکخراوێکی ناحکومییە دەڵێ حکومەت "دەیەوێت، ئەو کەیسە وەکو نموونەیەک بۆ ترساندنی ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە بەکاربهێنێت، تاوەکو پرسیار لەبارەی بابەتی پەتا لە وهان نەکەن".
بڕیاردان لە چارەنووسی جانگ لەکاتێکدایە، چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم، تیمێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی پەتای کۆرۆنا بکات.
سەرچاوە: AFP
