جۆشوا هاریس: ئەمریکا بە چاوی رێزەوە سەیری رۆڵی سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەكات

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە، ئەمریكا پاڵپشتی هەرێمی كوردستانە لە چوارچێوەی عێراقدا و هەروەها بە چاوی رێزەوە سەیری رۆڵی سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەكات، هەر لە 2003 هەتا ئێستا و لە داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیشدا. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەكەی خوازیاری شەراكەتی ستراتیژییە لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و پێویستە عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و بەرژەوەندییەكانی لەسەرووی بەرژەوەندییەكانی تر بێت بۆ ئەوەی ئەمریكا بتوانێ پەرە بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ عێراق بدات.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی جەختی كردەوە، كە هەمیشە خوازیاری ئەوە بوونە لە عێراقدا یاسا و دەستوور باڵادەست بن و هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بنەمای سەرەكیی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا بێت. بە گرنگیشی زانی لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا رەچاوی ئەو سێ بنەمایە بكرێن و دەستوور جێبەجێ بكرێت و كۆتایی بەو مامەڵە نابەجێیە بهێندرێت كە لەگەڵ گەلی كوردستان لەسەر بابەتی بودجە و بابەتەكانی تر دەكرێت. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ دراوسێكانیدا هەبێت.

بارودۆخی سووریا و پڕۆسەی سیاسیی هەرێم تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.