ئەو فەرمانبەرانە مووچەی مانگانەیان سەرووی ملیۆنێک و نیوە بەشەخۆراکیان دەبڕدرێت

وەزارەتی بازرگانی عێراق دەستی بە بڕینی بەشەخۆراکی مانگانەی ئەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان سەرووی ملیۆنێک و 500 هەزار دینارە کردووە، وەزارەتی دادیش لیستی مووچەی فەرمانبەرەکانی بۆ لێبڕیبنی بەشەخۆراکی مانگانە پێشکەش کردووە، بەرێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، تاکوو ئێستا لیستی ناوی فەرمانبەرانیان پێشکەش نەکردووە.

ئەحمەد لعێىی، گوتەبێژی وەزارەتیی دادی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەزارەتەکەیان لیستێکی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی پێشکەش کردووە، کە مووچەی مانگانەیان زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار دینارە، بەمەبەستی بڕینی بەشەخۆراکی مانگانەیان.

گووتیشی، ئەم  بڕیارە بۆ سەرجەم وەزارەتەکانە و بە گوێرەی مەرج و رێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانی جێبەجێ دەکرێت.

هاوکات محەمەمد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەو بابەتەی پشتراستکردەوە و بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لێبڕینی بەشەخۆراکی مانگانە تەنیا ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە مووچەکانیان زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار دیناری مانگانەیە و بڕیارەکەش بۆ سەرجەم وەزارەتەکانە.

لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق گوتی: تاکوو ئێستا داتایەکی وردیان لەبەردەستدا نییە و دەبێت لەلایەن وەزارەتەکانەوە بۆیان بنێردرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، لەو بارەیەوە بە کوردستان24ـی گوت: بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام ئەوان هیچ لیستێکیان پێشکەش نەکردووە، گوتیشی، لیستی مووچە لای بەغدایە و رەنگە راستەوخۆ خۆیان بڕیارەکە جێبەجێ بکەن.

بەڕێوبەری گشتیی بازرگانی ئاشکراشی کرد، بەگوێرەی نوێترین ئامار 5 ملیۆن و 133 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان سوودمەندن لە وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە.

بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق دەگەرێتەوە بۆ کۆبوونەوەی ژمارە 28ـی ئەنجوومەنی وەزاریی دارایی و ئابووریی، کە لە کۆتایی ساڵی 2025 دەرکراوە، ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی مووچەکانیان لە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار زیاترە، بەشەخۆراکی مانگانەی خۆیان و ئەندامانی خێزانەکەیان دەبڕدرێت.