لیندزی گراهام: پێویستە لەگەڵ ئیسرائیل هەماهەنگیمان هەبێت لە بەرامبەر ئێران

(وێنە؛ ئەرشیف، لیندزی گراهام سینتاۆری ئەمریکی)
(وێنە؛ ئەرشیف، لیندزی گراهام سینتاۆری ئەمریکی)

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمەریکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، چەند پەیامێکی توندی ئاراستەی  ئێران کرد و رایگەیاند؛ واشنتن لەبەردەم بڕیارێکی چارەنووسسازدایە.

گراهام ئاماژەی بەوە کرد؛ ئیدارەی ئەمریکا دوو رێگەی لەبەردەمە (دیپلۆماسی و سەربازی)، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر لێدانی سەربازی نەدراوە.

 جەختیشی کردەوە، "کاتی یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە بە هەفتە دەژمێردرێت نەک بە مانگ و لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیاری پێویست دەدرێت."

ئەو سیناتۆرە بە توندی وەڵامی ئەو کەسانەی دایەوە کە لەگەڵ مانەوەی ئێران و گوتی: "ئەوانەی دەڵێن نامانەوێت ئێران بگۆڕدرێت، بە هەڵەدا چوون."ئەو پێی وایە ئێران لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە و دەبێت پشتگیری لە خواستەکانی گەلی ئێران بۆ ئازادی بکرێت.

گراهام دووپاتی کردەوە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلدا نییە سەبارەت بە مەترسییەکانی ئێران. گوتیشی: "پێویستە لەگەڵ ئیسرائیل لەوپەڕی هەماهەنگیدا بین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاران و پێکەوە کار بکەین بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە."