ئەکسیۆس: ئەمریکا لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر نزیکە

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، ئیدارەی ترەمپ زۆر لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی ئێران نزیک بووەتەوە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جەنگە دەکرێت بەمزووانە دەست پێ بکات و جەنگێکی زۆر فراوان دەبێت.

چوارشەممە 18ی شوباتی 2026، سەرچاوە ئاگادارەکان بە پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئەمریکا لە دژی ئێران، هەڵمەتێکی بەرفراوان و چەند هەفتەیی دەبێت و جەنگێکی تەواو فراوان دەبێت، نەک وەک ئۆپەراسیۆنە سنوردارەکەی مانگی رابردوو لە ڤەنزوێلا.

ئاماژە بەوەش کراوە، پێدەچێت هەڵمەتەکە هاوبەش بێت لەنێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل و مەودایەکی زۆر فراوانتری هەبێت و ببێتە مەترسی بۆ سەر مانەوەی ئێران. ئەم جەنگە کاریگەرییەکی دراماتیکی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدا، دوێنێ سێشەممە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر راوێژکارانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جنێڤ بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە. سەرەڕای ئەوەی باسی پێشکەوتن دەکرێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا گەشبین نین.

هەروەها جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە فۆکس نیووزی راگەیاندبوو، "ترەمپ هێڵی سووری داناوە کە ئێرانییەکان ئامادە نین دانی پێدا بنێن" و ئاماژەی بەوە کرد، ڕەنگە دیپلۆماسیەت گەیشتبێتە "کۆتاییە سروشتییەکەی".

ئەکسیۆس باسی لەوەش کردووە، هێزی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و کە ئەمانە لەخۆ دەگرێت، دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و دەیان کەشتی جەنگی، سەدان فڕۆکەی جەنگی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ئەنجامدانی زیاتر لە 150 گەشتی بارهەڵگری سەربازی بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی و تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا، 50 فڕۆکەی جەنگی دیکە (لە جۆرەکانی F-35, F-22 و F-16) بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوون.

ئەو پێگە ئەمریکییە بڵاوشی کردووەتەوە، حکوومەتی ئیسرائیل فشار بۆ دانانی سیناریۆیەکی توند دەکات کە ئامانج لێی رووخانی ئێرانە و لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمییەکەیەتی، بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن ئامادەکاری بۆ جەنگ دەکەن لە ماوەی چەند رۆژێکدا.

هەروەها ئەکسیۆس لە زاری راوێژکارێکی ترەمپ ڕایگەیاندووە: سەرۆکی ئەمریکا بێزار بووە، بە ئەگەری 90% لە چەند هەفتەی داهاتوودا کردەی سەربازی دەبینین.

باسی لەوەش کردووە، بەرپرسانی ئەمەریکا دوای گفتوگۆکانی رۆژی سێشەممە رایانگەیاندووە کە ئێران پێویستە لە ماوەی "دوو هەفتەدا" بە پێشنیازێکی وردەوە بگەڕێتەوە، ئەگەرنا ئەگەری هێرشکردن زۆر نزیکە و هیچ ئاسۆیەک بۆ رێککەوتنی دیپلۆماسی بەدی ناکرێت.