رۆیتەرز: ئێران قەڵغانی کۆنکرێتی بۆ بنکە ئەتۆمییەکان دروست دەکات
وێنە سەتەلایتییە نوێیەکان ئاشکرای دەکەن کە ئێران بە چڕی دەستی کردووە بە قەڵغانکردنی بنکە ئەتۆمی و سەربازییە هەستیارەکانی لە ڕێگەی دروستکردنی بەرگی کۆنکرێتی و داپۆشینیان بە خۆڵ، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ پاراستنیان لە هەر هێرشێکی ئاسمانیی ئەمەریکا و ئیسرائیل، لە کاتێکدا مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگ لە ئارادایە.
چوارشەممە 18ـی شوباتی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی شرۆڤەی پسپۆڕان بۆ وێنە سەتەلایتییە نوێیەکان، ئێران دەستی کردووە بە دروستکردنی قەڵغانێکی کۆنکرێتی لەسەر دامەزراوەیەکی نوێ لە پێگەیەکی سەربازیی هەستیار و بە خۆڵ دایپۆشیوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ پاراستنی شوێنەکە لە هێرشی ئاسمانی.
وێنەکان دەریدەخەن کە ئێران کارەکانی لەو شوێنانە چڕ کردووەتەوە کە پێشتر لە ساڵی 2024 لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرابوون، هەروەها دەروازەی تونێلەکانی لە بنکەیەکی ئەتۆمی شاردووەتەوە کە ساڵی رابردوو لەلایەن ئەمەریکاوە کرابووە ئامانج. هاوکات کارەکانی چاککردنەوە لە بنکە مووشەکییەکان بەردەوامە.
لە کۆمەڵگەی پارچین 30 کم باشووری رۆژهەڵاتی تاران، کە یەکێکە لە هەستیارترین بنکە سەربازییەکان، گۆڕانکاری گەورە بەدی دەکرێت، پەیمانگای زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی (ISIS) ئاشکرای کردووە کە ئێران تابووتێکی کۆنکرێتیی لە دەوری دامەزراوەیەکی نوێ بە ناوی "تاڵەقان 2" دروست کردووە؛ وێنەکانی مانگی شوبات دەریدەخەن کە شوێنەکە بە تەواوی بە خۆڵ داپۆشراوە بۆ ئەوەی رەنگی کۆنکرێتەکە دیار نەبێت و وەک پەناگەیەکی شاراوە دەرکەوێت.
پسپۆڕان گومانی ئەوە دەکەن کە ژوورێکی گەورە لەوێ جێگیر کرابێت کە بۆ تاقیکردنەوەی تەقینەوەی بەهێز کە پەیوەندی بە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمییەوە هەیە بەکاردێت.
لە بنکەی ئەتۆمیی ئەسفەهان، کە پێشتر بەشێک بووە لە ئامانجەکانی ئەمەریکا، وێنەکان دەریدەخەن کە ئێران دەروازەی سێ تونێلی سەرەکیی بە تەواوی پڕکردووەتەوە و بە خۆڵ شاردوونیەتیەوە. ئامانج لەم کارە کەمکردنەوەی کاریگەریی هێرشە ئاسمانییەکان و رێگریکردنە لە هەر هێرشێکی هێزی تایبەت بۆ دەستگرتن بەسەر یۆرانیۆمی پیتێنراودا.
هەروەها لە نزیک بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز، جموجۆڵی ئامێرە قورسەکان کۆنکرێت و بارهەڵگر دەبینرێت بۆ بەهێزکردنی دەروازەی تونێلەکانی ژێر شاخەکە.
لە بنکە مووشەکییەکانی باشووری شیراز و باکووری قوم، کارەکانی چاککردنەوەی ئەو زیانانە ئەنجام دراون کە لە جەنگی ساڵی رابردوودا بەرکەوتبوون، بە تایبەت چاککردنەوەی سەربانی بینا زیانلێکەوتووەکان.
ئەم ئامادەکارییە بەرگرییانەی ئێران لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەگەڵ ئەمەریکا لە بەرزترین ئاستدان و واشنتن هەوڵ دەدات لە رێگەی دانوستانەوە رێککەوتنێک لەگەڵ تاران ئەنجام بدات، هاوکات هەڕەشەی کردەی سەربازی دەکات ئەگەر گفتوگۆکان شکست بهێنن.