سەندیکای رۆژنامەنووسان هۆشداری دەداتە کەناڵەکانی راگەیاندن سەبارەت بە بەرنامەکانی مانگی رەمەزان

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان هۆشداریی دەداتە سەرجەم دەزگاکانی میدیا کە لە کاتی داڕشتنی بەرنامەکانی مانگی رەمەزاندا پابەندی پرەنسیپە ئێتیکییەکان بن و شکۆی مرۆڤ و بەها مرۆییەکان بپارێزن، بەپێچەوانەوە لە رێگەی داواکاری گشتییەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەناڵێک دەگرێتەبەر کە بەناوی کاری خێرخوازییەوە سووکایەتی بە هاووڵاتییان بکات.

ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی شوباتی 2026، بانگەوازێکی فەرمیی ئاراستەی سەرجەم کەناڵ و دەزگاکانی میدیا کرد، تێیدا داوای لێکردن لە کاتی داڕشتنی بەرنامەکانی مانگی رەمەزاندا، بەتایبەت بەرنامە خێرخوازییەکان، پابەندی رەوشت و پرەنسیپە ئێتیکییەکانی رۆژنامەگەری بن.

سەندیکای رۆژنامەنووسان لە نووسراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە پێویستە میدیاکان لە کاتی پەخشکردنی بەرنامەکانیاندا شکۆی مرۆڤ و بەها کۆمەڵایەتییەکان بپارێزن و هاوسەنگی رابگرن؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەنجامدانی کاری خێرخوازی لە رێگەی میدیاوە دەبێت لە چوارچێوەیەکی یاسایی و مرۆییدا بێت، بە جۆرێک نەبێتە هۆی بریندارکردنی هەستی هاووڵاتییان.

لە بەشێکی توندی بانگەوازەکەدا، سەندیکا هۆشداری داوە کە ئەگەر میدیاکان پابەندی بەڵێنامەی شەرەفی رۆژنامەنووسی نەبن، ناچاری دەبن لە رێگەی داواکاری گشتییەوە رێکاری یاسایی بگرنەبەر و کێشەی یاسایی بۆ ئەو کەناڵانە دروست بکەن کە سەرپێچی دەکەن.

ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسان پیرۆزبایی هاتنی مانگی رەمەزانی لە موسڵمانانی کوردستان کردووە و هیوای خواستووە سەرجەم رۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەکان لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ ناوەڕۆکی بەرنامەکانیاندا بکەن.