بەهۆی ململانێی ئەڵمانیا و فەرەنسا ئەگەری پەککەوتنی پڕۆژەی فڕۆکەی تارمایی ئەوروپی هەیە
پڕۆژە ستراتیژییەکەی نێوان فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا بۆ دروستکردنی فڕۆکەی جەنگیی نەوەی شەشەم، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی سەربەخۆیی بەرگریی ئەورووپا و ڕکابەریکردنی تەکنۆلۆژیای ئەمەریکا و چین بوو، ئێستا ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە بووەتەوە و بەهۆی ململانێی توندی نێوان پاریس و بەرلین و کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە، مەترسیی هەڵوەشانەوەی لێ دەکرێت.
پڕۆژەی "سیستەمی شەڕی ئاسمانیی داهاتوو" (FCAS) کە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیە کاری لەسەر دەکرێت، ئامانجی سەرەکیی بریتی بوو لە دروستکردنی فڕۆکەیەکی پێشکەوتووی نەوەی شەشەم کە توانای ڕکابەریی فڕۆکەکانی ئێف-35ی ئەمەریکی و مۆدێلە پێشکەوتووەکانی ڕووسیا و چینی هەبێت. ئەم سیستمە بڕیار بوو بە ژیریی دەستکرد (AI) کار بکات و توانای پەیوەستبوونی هەبێت بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی، پڕۆژەکە کەوتووەتە نێو ململانێی توند لەنێوان هەردوو کۆمپانیای گەورەی ئێرباس کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەڵمانیا دەکات و داسۆ ئاڤیەیشنی فەرەنسی. ناکۆکییەکان لەسەر ئەوەن کێ سەرکردایەتیی پڕۆژەکە بکات و چۆن تەکنەلۆژیاکان پەرەپێ بدەن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە, کێشەی سەرەکیی ئەوروپا لەوەدایە سەرەڕای ئەوەی کۆی خەرجیی سەربازیی وڵاتانی ئەوروپا لە خەرجییەکانی ڕووسیا و چین زیاترە، بەڵام ئەنجامەکان لە ئاستی پێویستدا نین. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دابەشکردنی پڕۆژەکان بەسەر کۆمپانیا نیشتمانییەکاندا، کە دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی هەمان سیستەم بە نرخێکی گرانتر و نەبوونی هەماهەنگی.
لە لایەکی دیکەوە، بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند: ئەگەر پڕۆژەکەش سەرنەگرێت، ئەوا کۆتایی جیهان نابێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بێهیوابوون لە ئەنجامەکان. نیک کانینگهام، شرۆڤەکار دەڵێت: ئەڵمانییەکان دەیانەوێت هاوکاری بکەن، بەڵام بێزار بوون لەوەی بەردەوام لەلایەن فەرەنسییەکانەوە فەرمانیان بەسەردا بکرێت.
ئەم شکستە ئەگەرییە لە کاتێکدایە کە بەریتانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن سەرقاڵی پەرەپێدانی فڕۆکەیەکی ڕادارنەگر (شەبەحن) کە بڕیارە لە دەیەی داهاتوودا بکەوێتە کار. شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ئەورووپا نەتوانێت پڕۆژە هاوبەشەکانی سەربخات، ناتوانێت وەک کۆڵەکەیەکی بەهێز لە ناتۆدا بەرەنگاری مەترسییەکانی ڕووسیا ببێتەوە.