جۆشوا هاریس دەستخۆشی لە مەسرور بارزانی کرد بۆ چاکسازییەکانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی وڵاتیان تاوتوێ کرد. هاوکات هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز لە عێراق لەسەر بنەمای رێزگرتن لە دەستوور، سیستەمی فیدراڵی، قەوارە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد.

ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، دۆخی گشتیی عێراق و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی فیدراڵ و هەرێم تاوتوێ کرا.

هاوکات هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز لە عێراق لەسەر بنەمای رێزگرتن لە دەستوور، سیستەمی فیدراڵی، قەوارە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتێک بێت کە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی عێراق بکات.

هەروەها جەختیان لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەیەکی بەهێز و سەرتاسەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت کرد بۆ چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا.