شەربەتەکانی رەمەزان؛ تامێکی شیرین و مەترسییەکی شاراوە

لەگەڵ هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان، بازاڕەکان جمەیان دێت لە فرۆشیارانی شەربەت و شیرینی. خواردنەوە رەنگاوڕەنگەکان دەبنە بەشێکی سەرەکیی سفری بەربانگی زۆرێک لە خێزانەکان. هاووڵاتییان دوای رۆژوویەکی درێژ، بۆ شکاندنی تینوێتییان پەنا بۆ ئەو خواردنەوانە دەبەن، لەبەرامبەردا پسپۆڕانی خۆراک هۆشداری لە زیانە تەندروستییەکانیان دەدەن.

شەربەت فرۆشان مانگی رەمەزان بە باشترین وەرزی کارکردنی ساڵ دادەنێن. لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانییەوە دەست بە ئامادەکاری دەکەن تا بۆ کاتی ئێوارە و بەربانگ بەرهەمەکانیان ئامادە بێت.

حاجی ئیدریس، یەکێک لە شەربەت فرۆشەکان، دەڵێت: "نرخی یەک بوتڵ شەربەت 1500 دینارە؛ بە گوتەی خۆی نرخەکە بۆ گیرفانی هاووڵاتییان گونجاوە."

سەبارەت بە شێوازی دروستکردنەکەی، حاجی ئیدریس روونیکردەوە هەوڵ دەدەن شەکر کەمتر بەکاربهێنن و گوتی: "لەسەر 100 لیتر ئاو نزیکەی 5 کیلۆ شەکر بەکاردەهێنین، چونکە میوەکان خۆیان شەکریان تێدایە، ئەمەش هەم بۆ تەندروستی باشترە و هەم تێچووی کەمترە."

لەگەڵ ئەوەشدا دان بەوەدا دەنێت ئەم خواردنەوانە سروشتی نین و دەڵێت: "ناتوانین بڵێین ئەم شەربەتانە تەندروستن، چونکە رەنگ و ماددەی دیکەی تێدەکرێت."

کڕیاران لەبەردەم دوکانەکان رێز دەبەستن، هەندێکیان بەهۆی حەزی خۆیان و هەندێکی دی لەبەر داواکاریی منداڵەکانیان.

فەرهەنگ رەشید، یەکێک لە کڕیاران دەڵێت: "خۆم زۆر بڕوام پێی نییە و حەزی لێ ناکەم، پێم وایە ئەوەی ماڵەوە کوالێتیی باشترە، بەڵام لەبەر خاتری منداڵەکانم دەیکڕم."

لەلایەکی دیکەوە فەریاد نوری بازرگانە و چەندین جۆر شەربەت و شیرینی کڕیوە، دەڵێت: "بۆ دایک و باوکم و منداڵەکانم کڕیوە، گرنگ ئەوەیە شتەکە پاک و باش بێت، نرخەکەی کێشە نییە."

لەکاتێکدا بازاڕی شەربەتە دەستکردەکان گەرمە، پسپۆڕانی خۆراک زەنگێکی مەترسیدار لێدەدەن.

د. ئالان یاسین، پسپۆڕی زانستی خۆراک روونی دەکاتەوە دوای نزیکەی 13 کاتژمێر لە بەڕۆژووبوون، جەستە پێویستی بە خۆراکی سروشتییە نەک ماددەی کیمیایی.

ئەو پسپۆڕە دەڵێت: "بەشێکی زۆری ئەو شەربەتانە بڕێکی زۆر شەکری تێدایە و ماددەی رەنگ و تامی دەستکردن. پرۆسەی دروستکردنیان بەشێوەیەکە میوەکە رەنگ و تامی سروشتیی خۆی لەدەست دەدات و بە ماددەی دەستکرد قەرەبوو دەکرێتەوە، ئەمەش زیانی بۆ تەندروستی هەیە."

هەروەها جەختی کردەوە خواردنەوەی شەربەتی پڕ شەکر لەسەر گەدەی بەتاڵ، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای ئاستی شەکری خوێن و دواتر دابەزینەوەی لەناکاوی. ئەم پرۆسەیە مرۆڤ تووشی بێهێزی و ماندوێتییەکی زۆر دەکات.

پسپۆڕان جەخت لەسەر خواردنەوەی ئاو، شەربەتی فرێشی میوەی ماڵەوە، دۆ و ماستاو دەکەنەوە. ئەوانە باشترین جێگرەوەی سروشتین و یارمەتیی جەستە دەدەن شێی پێویست وەربگرێتەوە و لە وشکبوونەوە دەیپارێزن.