ترەمپ خۆی بۆ سەرۆکایەتی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاشتی ئامادە دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکایەتی یەکەم کۆبوونەوەی "ئەنجومەنی ئاشتی" دەکات لە واشنتۆن، کۆبوونەوەکە تایبەتە بە تاوتوێکردنی داهاتووی کەرتی غەززە و تێیدا نوێنەری زیاتر لە 45 وڵات بەشدارن.
پێنجشەممە 19ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکایەتی یەکەم کۆبوونەوەی "ئەنجومەنی ئاشتی" دەکات لە واشنتۆن، وابڕیارە لە وتارەکەیدا لە "پەیمانگای دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاشتی" رایبگەیەنێت، ئەمە لە کاتێکدایە وڵاتانی بەشداربوو بڕی 5 ملیار دۆلاریان وەک قۆناغی یەکەم بۆ سندوقی ئاوەدانکردنەوەی غەززە کۆکردووەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، بڕی 1.2 ملیار دۆلار لەو پارەیە لە لایەن ئیمارات و 1.2 ملیار دۆلاریش لە لایەن کووەیتەوە دابین دەکرێت.
یەکێکی دیکە لە بڕیارە گرنگەکان، پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی سەقامگیری لە غەززە، بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوە کردووە، چەندین وڵات ئامادەییان دەربڕیوە هەزاران سەرباز رەوانە بکەن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی هێزێکی نێودەوڵەتیدا یارمەتی پاراستنی ئاشتی لە ناوچەکەدا بدەن.
راگەیاندنی ئەم ئەنجوومەنە مشتومڕێکی زۆری لێکەوتووەتەوە، چونکە ئیسرائیل یەکێکە لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، بەڵام هیچ نوێنەرێکی فەڵەستینی بانگهێشت نەکراوە، هەروەها وڵاتانی خاوەن مافی ڤیتۆ (فەڕەنسا، بەریتانیا، روسیا و چین) لە لیستەکەدا نین، ئەمەش نیگەرانی دروست کردووە کە ئەم هەنگاوەی ترەمپ ببێتە هۆی کەمکردنەوەی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکاندا.
لەگەڵ ئەم هەنگاوانەشدا، بەرپرسان ئاماژە بە چەندین ئاستەنگی گەورە دەدەن، لەوانە:
1. لایەنی ئەمنی: هێزە ناوخۆییەکانی غەززە هێشتا راهێنراو و ئامادە نین بۆ پاراستنی ئاسایش.
2. دانوستان: هێشتا روون نییە کێ راستەوخۆ لەگەڵ حەماس گفتوگۆ دەکات، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە رێگەی تورکیا و قەتەرەوە بێت.
3. هاوکارییەکان: دۆخی مرۆیی لە غەززە بە کارەساتبار وەسف دەکرێت و هێشتا دیار نییە کێ پڕۆسەی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لەناو کەرتی غەززەدا دەگرێتە ئەستۆ.