"ئەو بڕە پارەیەی حكومەتی عێراق لە بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار دەستیکەوتووە بەشی مووچەی دوو مانگ دەكات"

پەرلەمانتارێك: پێویستە حكومەتی عێراق مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشبکات و وەک فشار بەرامبەر پەرلەمان بەکاری نەهێنێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت بڕی پارەی پێویستی لەبەردەستە، بۆ ئەوەی گەرەنتی لە دابەشکردنی مووچەی هەردوو مانگەکانی کانوونی دووم و شوباتی 2021 بدات، بە تایبەت ئەگەر پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 دوا نه‌كه‌وێت.

عەبدولهادی سەعداوی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا "حکومەت لە نزمكردنه‌وه‌ی بەهای دینار بڕێکی زۆری پارەی دەستکەوتووە. کە بەشی مووچەی دوو مانگی داهاتووی مووچه‌خۆرانی دەوڵەت دەکات".

راشیگەیاند "درەنگکەوتنی پڕۆژە یاسای بودجە کاریگەری لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت نابێت، پێویستە لەسەر دەوڵەت مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشبکات و وەک فشار بەرامبەر پەرلەمان بەکاری نەهێنێت، تاوەکو پڕۆژە یاسای بودجە پەسەند بکات".