محەممەد جاسم: هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ رادەستکردنی چەک نەنراوە

لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەنگۆی ئامادەکاریی گرووپە چەکدارەکانی شنگالی بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان رەتکردەوە و، رایگەیاند، تاوەکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ ئەو مەبەستە نەگیراوەتەبەر و زیاتر لە 4000 چەکدار لە ناوچەکەدا ماون.

محەممەد جاسم، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بــــە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە ئامادەکاریی گرووپە چەکدارەکانی دەڤەری شنگال بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان دەکەن دوورن لە راستییەوە و، لە مەیدانەکەدا هیچ هەنگاوێکی کرداری نەهاتووەتە ئاراوە.

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ئاماژەی بە هەوڵەکانی پێشوو کرد و، گوتی، لە سەردەمی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی نزیکەی 2000 چەکدار ناوی خۆیان بۆ رادەستکردنی چەک تۆمار کردبوو، بەڵام ئەو پرۆسەیە سەرکەوتوو نەبوو. روونیشی کردەوە، بەپێی پێشبینییەکان لە ئێستادا زیاتر لە 4000 چەکدار لە دەڤەری شنگال هەن.

محەممەد جاسم جەختی لەسەر کێشەی سەرەکیی ئێستای دەڤەرەکە کردەوە و، رایگەیاند، ئێستا پرسی هەرە گەرم و رژد دانانی قایمقامێکی نوێیە بۆ قەزای شنگال.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنی بە سەرپەرشتیی عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دۆخی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە تاوتوێ کرا.

میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو، بەغدا بەنیازە نزیکەی 2000 چەکداری نزیک لە پەکەکە کە لە شنگالن، بیانخاتە سەر هێزە ئەمنییەکان، کە ئەمە جیا دەبێت لە هێزەکانی حەشدی شەعبی.

رێککەوتنی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا. ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنەکە ئاساییکردنەوەی دۆخی قەزاکە و دەرکردنی سەرجەم گرووپە چەکدارەکانە لە نێوەندی شارەکە، لە نێویاندا پەکەکە و حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکە، بۆ ئەوەی تەنیا هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و ئاسایشی نیشتمانی کۆنترۆڵی ناوچەکە بکەن. بەڵام جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رووبەڕووی بەربەستێکی زۆر بووەتەوە.

بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی ناوخۆی شنگال وەک یەبەشە و هەندێک لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی، رێککەوتنەکەیان رەتکردووەتەوە و ئامادە نین ناوچەکە چۆڵ بکەن. مانەوەی ئەم هێزانە بووەتە هۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و رێگرییەکی گەورەشە لە بەردەم گەڕانەوەی هەزاران ئاوارەی ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال.  لە هەمان کاتدا بەهۆی ململانێکانەوە تاوەکوو ئێستا ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە دروست نەکراوە، ئەمەش وای کردووە پرسی دانانی قایمقامێکی نوێ و ئیدارەیەکی یاسایی بۆ شنگال ببێتە یەکێک لە بابەتە ئاڵۆز و هەستیارەکان لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا.