مەزڵووم عەبدی گەیشتە کۆبانێ

مەزڵووم عەبدی
مەزڵووم عەبدی

ئەکرەم ساڵح، پەیامنێری کوردستان24 لە قامشلۆ رایگەیاند، مەزڵووم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکایەتیی سووریا و فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان.

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی کاریگەریی لەسەر هێورکردنەوەی دۆخی شارەکە دەبێت، بەوپێیەی رێزێکی تایبەتی لەنێو خەڵکدا هەیە و ئێستا راوێژکاریی سەرۆکایەتیی سووریاشە. 

پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەش دا، هێزێکی زۆری ئەمنی لە نێو شاری کۆبانێ بڵاوەی پێ کراوە و بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، داوا لە هاووڵاتییان کراوە لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە. 

سەرەتای رووداوەکان

 شەوی پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، گەنجێک بە ناوی سیپان حزنی (ئەندامی لیوایەکی سوپای سووریا و شەڕڤانی پێشووی هەسەدە) لە لایەن چەند کەسێکەوە بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کرا و سەری بڕدرا؛ دواتر تەرمەکەی رادەستی خێزانەکەی کرایەوە.

شەهیدکردنی سیپان حزنی بووە هۆی دەستپێکردنی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵک لە کۆبانێ، قامشلۆ و زۆربەی شارەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان.

لە شاری کۆبانێ، هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا بڵاوە بە خۆپێشاندەران بکەن، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گرژی و پێکدادان.دوابەدوای ئەوە:

- قەدەخەی هاتوچۆ بۆ چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوە لە کۆبانێ راگەیەندرا.

- هێزێکی گەورەی ئەمنی رەوانەی نێو شارەکە کرا.

- دەستکرا بە دەستگیرکردنی گەنجانی ناڕازی و خستنە نێو گرتووخانەوە.

کاتژمێر 02:00ـی بەرەبەیان، کاتێک هێزە ئەمنییەکان بڕیاریان دا بەشێک لە گەنجە دەستگیرکراوەکان بۆ گرتووخانەکانی شاری حەلەب بگوازنەوە، دەستگیرکراوەکان دژی بڕیارەکە وەستانەوە و ناڕەزایی لەنێو گرتووخانەکەدا دروستبوو. لە

ئەنجامی تێکچوونی دۆخی نێو زیندانەکەدا، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان ئاگری لە دۆشەکەکەی بەردا. ئاگرەکە بە خێرایی بە نێو تەواوی باڵەخانەکەدا تەشەنەی سەند و بەشێکی زۆری بیناکەی سووتاند. لە ئەنجامی تەواوی ئەو گرژییانەی شاری کۆبانێ و کەوتنەوەی ئاگرەکە لەنێو گرتووخانەکەدا، نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و 17 کەسی دیکەش بریندار بوون.