پیشە دەستییەکانی هەورامان لەبەردەم مەترسیی لەنێوچووندان

هەورامان لە لیستی میراتی جیهانییە، بەڵام پیشە دەستییەکانی لەنێو دەچن

ناوچەی هەورامان، وەک میراتێکی دەوڵەمەندی کەلتووری، سروشتی و مێژوویی کوردستان، توانیویەتی ناوی خۆی لە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆدا تۆمار بکات. ئەم دەستکەوتە گرنگە دەرفەت بۆ بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری و ئابووریی ناوچەکە دەرەخسێنێت، هاوکات مەترسیی لەنێوچوونی ئەو پیشە دەستی و کارە هونەرییە رەسەنانەی خستووەتە روو؛ ئەو پیشانەی رۆحی ئەم کەلتوورەیان پێکدەهێنا.

تۆمارکردنی هەورامان لە ئاستی جیهاندا، دەتوانێت سەرنجی گەشتیاران بۆ لای ئەم ناوچە دڵڕفێنە رابکێشێت و ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهات؛ بەڵام لە هەمان کاتدا، پاراستنی تایبەتمەندییە ناوازەکانی ئەم ناوچەیە، بەتایبەت پیشە دەستییەکان، بووەتە ئەرکێکی قورس.

سەردەمانێک خەڵکی هەورامان لە زۆربەی بوارەکاندا خاوەن پیشەی خۆیان بوون و پێداویستییەکانی ژیانیان بە دەستی خۆیان دابین دەکرد. سەدان وەستای جۆڵا، کەوا و پانتۆڵدروو، کڵاشچن و ئاسنگەر لەم ناوچەیەدا کاریان دەکرد؛ بەڵام ئەمڕۆ ئەو پیشانە ساڵ بە ساڵ کەمتر دەبنەوە و خەریکە بەتەواوی لەنێو دەچن.

هاووڵاتییەکی بەتەمەنی ناوچەکە بە ئاماژەدان بە رابردوو دەڵێت: "لەسەردەمی ئێمەدا فەرەجی و چۆخە و رانک بە دەستی خۆمان دروست دەکران، جۆڵاییمان هەبوو، کڵاشچنمان هەبوو، ئاسنگەرمان هەبوو، کەوا و پانتۆڵمان نەدەکڕی."

یەکێک لە کڵاشچنەکان هێشتا لەسەر پیشەی باوباپیرانی بەردەوامە و باس لە نەبوونی پشتیوانی دەکات و دەڵێت: "هیچ کەسێک و هیچ لایەنێک هاوکاریی پیشە دەستییەکانی نەکردووە. تا ئێستا یەک کەسیش پشتیوانیی نەکردووین، نە لە رووی داراییەوە و نە تەنانەت لە رووی هاندانیشەوە."

هاووڵاتییەکی دیکە جەخت لەسەر کەمبوونەوەی پیشەوەران دەکاتەوە و دەڵێت: "لەم شارەدا سەدان جۆڵامان هەبوو، ئێستا یەک جۆڵای تێدا نییە. سەدان کڵاشچنمان هەبوو، ئێستا بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن."

لەگەڵ ئەوەشدا، دوای تۆماری جیهانیی هەورامان، 6 گوندی ئەم ناوچەیە لە لیستی نیشتمانیی ئێراندا تۆمار کراون و دۆسیەی 6 گوندی دیکەش ئامادە کراون. بەرپرسانی ناوچەکە هیوادارن ئەم تۆمارکردنە ببێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری و گەشتیاری.

یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی تۆماری جیهانیی هەورامان رایگەیاند: "داواکارین ئەم تۆمارکردنە ببێتە مایەی بووژانەوە و گەشەی ئابووری و گەشتیاری لە ناوچەکەماندا، بۆ ئەوەی نەوەی نوێ سوودی لێ ببینن و هەلی کاریان بۆ بڕەخسێت."

تەلارسازیی بەردی وشکەچن، شێوازی پلیکانیی شار و گوندەکان، جلوبەرگ، پێڵاو، زمان و مۆسیقای تایبەت بە خۆی، هەموو ئەمانە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی ناوازەن. ئەم تایبەتمەندییانە هەورامانیان کردووەتە یەکێک لە شوێنە کەلتووری و سروشتییە دانسقەکانی جیهان، بەڵام پاراستنی ئەم میراتە زیندووە پێویستی بە هەوڵ و پشتیوانیی زیاترە.