محەممەد ئیسلامی: ئێران مافی خۆیەتی داکۆکی لە پیتاندنی یۆرانیۆم بکات

سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، تاران مافی خۆیەتی داکۆکی لە پیتاندنی یۆرانیۆم بکات، چونکە بناغەی پیشەسازی ئەتۆمی پیتاندنە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران لە راگەیەندراوێکدا گوتی: بناغەی پیشەسازی ئەتۆمی پیتاندنە، پێویستت بە سووتەمەنی ئەتۆمییە، هەرچییەک بتەوێت لە پڕۆسەی ئەتۆمیدا ئەنجامی دەدەیت،  ئاماژەی بەوەشدا، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە پێی رێساکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەرەوپێش دەچێت و هیچ وڵاتێک ناتوانێ ئێران لە مافی بەکارهێنانی ئەم تەکنۆلۆژیایە بە شێوەیەکی ئاشتیانە بێبەش بکات.

دوێنێ چوارشەممە، ئەمریکا هۆشداریی بە ئێران دابوو کە بگەنە رێککەوتن باشە، ئەمەش رۆژێک دوای قۆناغی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لە جنێڤ هات کە هەردوو وڵات رایانگەیاندبوو کە بەنیازن لە گفتوگۆکان بەردەوام بن.

کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەمریکا رێگری لە ئێران دەکات لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

کەناڵی 'سی ئێن ئێن و سی بی ئێس'یش رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو، سوپای ئەمریکا هەر لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئامادەیە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکات، بەڵام تا ئێستا سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کۆتایی نەداوە.