بەرگریی تورکیا: تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا دەبێت پەلەی لێ بکرێت

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، چاوەڕێن پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سوپای سووریا، بەخێرایی جێبەجێ بکرێت، چونکە هیچ بژاردەیەکی دیکە لەبەردەم لایەنەکان نییە. 

زەکی ئاکتورک، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دۆخی ناوخۆی سووریا گوتی: چاوەڕێن پرۆسەی تێکەڵکردنی چەکدارانی هەسەدە بە سوپای سووریا و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەی نێوانیان بە خێرایی جێبەجی بکرێت. 

ئاکتورک گوتیشی: لە نزیکەوە چاودێری دۆخی سووریا دەکەین و هەموو ئامادەکاری و رێکارێکمان گرتووەتەبەر کە خزمەت بە بەرژوەندییەکانی تورکیا دەکات. 

هەروەها رایگەیاند، لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نێوان هەسەدە و دیمەشق، هیچ بژاردەیەکی دیکە لەبەردەم لایەنەکان نییە، چونکە رێککەوتنەکە گرنگە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و بنەماکانی یەک سوپا و یەک دەوڵەتی بەهێز دەکات. 

هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، وردەکاریی رێککەوتنەکەیانی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ئاشکرا کرد، کە بە ئامانجی پاراستنی گەل و رێگری لە کۆمەڵکوژی واژۆ کراوە. 

گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنی هەسەدە و حکوومەتی سووریا:

- هێزە سەربازییەکان: هەسەدە دەبێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، بەڵام وەک لیوا و یەکەی سەربازی لە ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە.

- دۆسیەی ئەمنی: هێزەکانی ئاساییش دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا و ئەرکی پاراستنی نێو شارەکان لە ئەستۆ دەگرن؛ سوپای سووریا ناچێتە نێو هیچ شار و گوندێکی کوردییەوە.

- کارگێڕی و زمان: خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانە و زانکۆکان بە فەرمی دەکرێت، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبنە فەرمانبەری دەوڵەت و ئیدارەی ناوچەکە بەدەست خەڵکی ناوچەکەوە دەبێت.

- دۆخی کۆبانێ: گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵدەگیرێت و هێزەکان لە نێو شار دەکشێنەوە بۆ دەوروبەری.

- گەرەنتیی نێودەوڵەتی: ئەمریکا و فەرەنسا ئاگاداری وردەکارییەکانن و وەک گەرەنتیکاری سیاسی دەمێننەوە.

مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە هەرچەندە رێککەوتنەکە لە ئاستی هەموو خواستەکانیاندا نییە، بەڵام باشترین بژاردە بووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان لەم قۆناغەدا.