وەزارەتی رۆشنبیری مەرجەکانی پەخشکردنی بەرنامە خێرخوازییەکان سنووردار دەکات
وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، لە بارەی پەخشکردنی بەرنامەی خێرخوازی (بەرنامەی بەربانگ)، گشت میدیا بینراو و بیستراوەکان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: پەخشکردنی بەرنامەکە دەبێت لە چوارچێوەی ئەو رێکار و رێنماییانە بێت کە بۆ رێکخستنی ئەو بوارە دەرچووە، بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی بەرانبەر بە کەناڵە سەرپێچیکارەکان دەگیرێتەبەر.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن، چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 19ـی شوباتی 2026، بە نووسراوی ژمارە (210) گشتاندنێکی ئاراستەی سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن (بینراو و بیستراو) کرد.
لە نووسراوەکەدا کە واژۆی شێروان عەوڵا خورشید، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی لەسەرە، وێڕای پیرۆزبایی هاتنی مانگی رەمەزان لە موسڵمانان و کارمەندانی میدیا، باس لەوە کراوە کە ئەم مانگە هەمیشە مانگی خێر، خۆشی، لێبووردەیی، بەخشندەیی و بەهاناوەچوونی هەژاران بووە.
بە پێی گشتاندنەکە، وەزارەتە داوا لە سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن دەکات، کە پەخشکردنی بەرنامەی خێرخوازی (بەرنامەی بەربانگ)، دەبێت لە چوارچێوەی ئەو رێکار و رێنماییانە بێت کە بۆ رێکخستنی ئەو بوارە دەرچووە، بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی بەرانبەر بە کەناڵە سەرپێچیکارەکان دەگیرێتەبەر.