ناحیەی جەلەولا کرایە قەزا
وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە فەرمی رەزامەندیی لەسەر بە قەزاکردنی ناحیەی جەلەولا دا.
پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، عومەر کورەویی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە فەرمی گۆڕینی یەکەی کارگێڕیی جەلەولای لە ناحیەوە بۆ "قەزا" راگەیاند.
کورەویی ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم بڕیارە دەرەنجامی هەوڵێکی "ناوازە و چەند مانگی" بووە و دواجار بە واژۆی راستەوخۆی وەزارەتی پلاندانان، وەک لایەنی خاوەن بڕیار و تایبەتمەند، پەسەند کراوە.
ناوبراو جەختی کردەوە، "ئەم دەستکەوتە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەیە کە پێشتر بە خەڵکی ناوچەکەمان دابوو، سوور بووین لە سەری تا ئەو کاتەی وەک واقیعێکی بەرجەستە دەیبینین."
بەپێی بڕیارەکە، لەمڕۆوە جەلەولا وەک قەزایەکی فەرمی دەچێتە ناو هەیکەلییەی یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای دیالەوە، کە ئەمەش بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەن، "مافێکی یاسایی و شایستەیەکی دواکەوتووی ناحیەکە بووە".
جەلەولا کە لە ناوە رەسەنە کوردییەکەیدا بە گوڵاڵە دەناسرێت، یەکێکە لە ناوچە هەرە گرنگ و ستراتیژییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەم ناحیەیە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و پێکهاتەی دانیشتووانەکەیەوە، هەمیشە جێگەی ململانێ و بایەخ بووە.
جەلەولا دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی عێراق و سەر بە پارێزگای دیالەیە، کە ناوچەیەکی کوردسانی دەرەوەی ئیدارەی سنووری هەرێمی کوردستانە.
جەلەولا بە "عێراقی بچووک" دەناسرێت بەهۆی فرەچەشنی دانیشتووانەکەیەوە، بەڵام ئەم فرەییە وایکردووە هەمیشە ببێتە قوربانی سیاسەتەکان، زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن.
لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی شاڵاوێکی توندی تەعریب (بەعەرەبکردن) بووەوە. خێزانە کوردەکان دەرکران و عەرەبی ناوچەکانی دیکەی عێراق لە شوێنەکانیان نیشتەجێ کران، بە ئامانجی گۆڕینی ناسنامەی ناوچەکە.