ترەمپ وادەیەکی 10 رۆژی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران دیاریی دەکات
سەرۆکی ئەمریکا، لە گوتارێکدا لە بەردەم ''ئەنجوومەنی ئاشتی''، وادەیەکی 10 رۆژی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران دیاریی کرد و هۆشداریی دا لەوەی شکستھێنان لەم هەوڵەدا دەرەنجامی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە.
پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی ئاشتی، بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن کۆبووەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە دا، کە پێشبینی دەکات لە ماوەی 10 رۆژدا چارەسەرێک بۆ پرسی ئێران بدۆزرێتەوە.
هاوکات جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی کردەوە بەرانبەر بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و گوتی: "بە هیچ شێوەیەک رێگە بە ئێران نادرێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات."
سەرۆکی ئەمریکا ئارەزووی خۆی بۆ گەیشتن بە "رێککەوتنێکی باش" نیشان دا و ئاشکرای کرد کە پێشتر کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئەنجام داوە و کۆبوونەوەکانیشی بە "باش و ئەرێنی" وەسف کرد.
لە لایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی رایگەیاند کە هەرچەندە دیپلۆماسی بژاردەی یەکەمی ترەمپە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، بەڵام "هۆکار و پاساوی زۆر" لە ئارادان کە دەتوانن رەوایەتی بە ئاراستەکردنی گورزی سەربازی بۆ سەر تاران بدەن.
کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری بژاردەی سەربازی گوتی: "سەرۆک هەمیشە راشکاو بووە؛ دیپلۆماسی لە پێشینەی کارەکانیەتی، بەڵام کارێکی ژیرانەیە کە ئێران لەگەڵ سەرۆک ترەمپ بگاتە رێککەوتن."
دوای نیوەڕۆی سێشەممە 17ـی شوباتی 2026، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عوممان، لە جنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوە چوون.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سروشتی گفتوگۆکانی بە "جیددی، بونیاتنەر و ئەرێنی" وەسف کرد.
عراقچی جەختی لەوە کردەوە، "بەراورد بە کۆبوونەوەی پێشوو، پێشوەچوونی باش بەدەست هاتووە و ئێستا رێڕەوێکی روونترمان لەپێشە".
لەسەر ئاستی نێوەندگیریش، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، کە سەرپەرشتیی نێوەندگیریی دانوستانەکانی دەکرد، جەختی کردەوە کە گەڕی دووەمی گفتوگۆکان بە "پێشوەچوونێکی باش بەرەو دیاریکردنی ئامانجە هاوبەشەکان و پرسە تەکنیکییە پەیوەندیدارەکان" کۆتایی هاتووە و کەشی کۆبوونەوەکانیشی بە "بونیاتنەر" ناو برد.