لێکۆڵینەوەیەک: ژیان لە ناوچە شاخاوییەکاندا مەترسیی تووشبوون بە شەکرە کەمدەکاتەوە

توێژەران ئاشکرای دەکەن، دانیشتووانی ئەو ناوچە بەرزانەی ئۆکسجینیان تێدا کەمترە، مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشیی شەکرە کەمترە بەراورد بەوانەی لە ئاستی دەریاوە دەژین، ئەمەش دەرگایەکی نوێ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشییەکە دەکاتەوە.

بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری (Cell Metabolism) بڵاوکراوەتەوە، لەو بارودۆخانەی ئاستی ئۆکسجین تێیاندا کەمە (وەک ناوچە شاخاوییە بەرزەکان)، خرۆکە سوورەکانی خوێن پرۆسەی گۆڕینی ماددە خۆراکییەکان (میتابۆلیزم) دەگۆڕن، بە جۆرێک شەکر لە رێڕەوی خوێن دەمژن و دەبنە "ئیسفەنجی گلوکۆز".

لە ناوچە بەرزەکاندا، توانای هەڵگرتنی گلوکۆزی زیاتر، وزەیەکی زیادە بە خرۆکە سوورەکانی خوێن دەبەخشێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاراتر ئۆکسجین بگەیەننە بەشەکانی جەستە، ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنیی لاوەکی دروست دەکات کە ئەویش دابەزاندنی ئاستی شەکرەیە لە خوێندا.

توێژەران لە رێگەی تاقیکردنەوە لەسەر مشک، تێبینییان کردووە ئەو مشکانەی لە هەوایەکی کەم ئۆکسجیندا هەناسە دەدەن، ئاستی گلوکۆزی خوێنیان زۆر کەمترە لە ئاستی ئاسایی، ئەمەش واتە جەستەیان دوای خواردن بە خێرایی گلوکۆزەکە بەکاردەهێنێت و مەترسیی تووشبوون بە شەکرە لایان کەمدەبێتەوە.

یۆلاندا مارتی ماتیۆس، یەکێک لە ئامادەکارانی توێژینەوەکە لە پەیمانگای "گلادستۆن" لە سان فرانسیسکۆ رایگەیاند: "کاتێک شەکرەمان دەدا بەو مشکانە، یەکسەر لە رێڕەوی خوێنیان ون دەبوو. ئێمە پشکنینمان بۆ ماسولکە، مێشک و جگەر کرد، بەڵام هیچ نیشانەیەکی شەکرەمان تێدا نەدۆزینەوە."

تیمی توێژینەوەکە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە خانە سوورەکانی خوێن وەک "بەلۆعەی گلوکۆز" کار دەکەن؛ زاراوەیەکە بۆ هەر شتێک بەکاردێت کە بڕێکی زۆر لە گلوکۆزی خوێن رابکێشێت و بەکاریبهێنێت. لە بارودۆخی کەم ئۆکسجینیدا، نەک تەنیا خانەی سووری زیاتر بەرهەم هاتووە، بەڵکو هەر خانەیەک بڕێکی زۆرتر گلوکۆزی بەکاربردووە.

دواتر توێژەران تاقیکردنەوەیان لەسەر دەرمانێکی نوێ بە ناوی "هاپۆکسیستات - Hypoxystat" کردووە کە هاوشێوەی کاریگەریی هەوای کەم ئۆکسجین کاردەکات. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ئەم دەرمانە بە تەواوەتی بەرزبوونەوەی شەکری لەو مشکانەدا رادەگرت کە تووشی شەکرە بووبوون و تەنانەت لە دەرمانە باوەکانی ئێستاش کاراتر بووە.

ئایشا کاین، یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەم دۆزینەوەیە دەرگا بۆ بیرکردنەوە لە چارەسەری شەکرە بە شێوەیەکی جیاواز دەکاتەوە، ئەویش لە رێگەی بەکارهێنانی خانە سوورەکانی خوێن بۆ رزگاربوون لە گلوکۆزی زیادەی ناو جەستە.