ئەمریکا هەزاران سەرباز لە ئەوروپاوە دەگەڕێنێتەوە
رۆژنامەی "فێڵت ئەم زۆنتاگ"ی ئەڵمانی رایگەیاند، ئەمریکا بەنیازە پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی لە بنکەکانی ئەوروپا خێراتر بکات، هاوکات هەزاران سەرباز لە ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە بۆ ئەمریکا.
شەممە 30ـی ئایاری 2026، رۆژنامەی "فێڵت ئەم زۆنتاگ"ی ئەڵمانی یاشکرایکرد، جموجۆڵەکانی واشنتن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو سەربازانەی لە وڵاتانی ئەوروپا لە ئەرکدان خێراتر بووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، پلانی ئەمریکا وایە لە ماوەیەکی نزیکدا هەزاران سەربازی وڵاتەکەت بگەڕێنێتەوە و ئەرکەکانیان لە کیشوەری ئەوروپا کۆتایی پێبهێنێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، واشنتن مانگی رابردوودا پلانی کشانەوەی پێنج هەزار سەربازی لە ئەڵمانیا راگەیاندبوو، کە زۆرێک ئەم هەنگاوەیان وەک دەرئەنجامی ناکۆکییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و وڵاتانی ئەوروپا لەسەر جەنگی ئێران لێکدابووەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە، لە ئێستادا نزیکەی 35 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ئەڵمانیا جێگیرن، کە ئەمەش بەرزترین رێژەی سەربازانی ئەمریکایە لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا.
پێشتر وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رایگەیاندبوو، پێشبینی دەکرێت پرۆسەی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە ماوەی 6 بۆ 12 مانگدا تەواو ببێت، بەڵام رۆژنامە ئەڵمانییەکە وردەکاری ئەوەی نەخستووەتە روو کە پرۆسەکە تا چەند خێرا دەکرێت یان کام بنکە سەربازییانە دەگرێتەوە.
رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، بڕیارە ئەمریکا پلانە نوێیەکانی لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە رێکخستنی هێزەکان کە مانگی داهاتوو لەلایەن پەیمانی ناتۆوە رێکدەخرێت، بۆ هاوپەیمانەکانی بخاتە روو، هەروەها دوای ئەو راگەیاندنە، کارە کردارییەکانی کشانەوە دەست پێبکات و لە ماوەیەکی کەمتر لەوەی پێشبینی دەکرێت پرۆسەکە ئەنجام بدرێت.