عەباس عراقچی: ئەمریکییەکان بە دوژمن نازانین، بەڵام سیاسەتەکەیان دوژمنکارانەیە
وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێک ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات و رایدەگەیەنێت، زمانی هێز و هەڕەشە لەگەڵ تاران ئەنجامی نابێت. عەباس عراقچی جەخت دەکاتەوە کە ئەوان گەلی ئەمریکا بە دوژمن نازانن، بەڵکوو کێشەیان لەگەڵ سیاسەتە دوژمنکارانەکانی کۆشکی سپی هەیە و ئاشکراشی دەکات کە خەریکی ئامادەکردنی ڕەشنووسێکن بۆ ئەگەری رێککەوتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لە بارەی هۆشداری و هەڕەشەی هێرشکردنەوەی سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ساڵی رابردوو خۆیان تاقی کردەوە هێرشیان کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکان و زاناکانیان کوشت، بەڵام بەرنامەی ئەتۆمی لە نێو نەچوو، چونکە ئێمە پەرەمان بە پرۆگرامی ئەتۆمی داوە، بۆیە هیچ رێگەچارەیەکی سەربازی بۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە ئارادانییە.
عەباس عراقچی گوتیشی: ئەمریکییەکان بە دوژمنی خۆمان نازانین، بەڵکوو سیاسەتەکانی حکوومەتی ئەمریکا دوژمنکارانەیە بەرانبەر ئێران؛ بۆیە هەر کاتێک ئەم جۆرە سیاسەتە گۆڕا، ئێمەش چاو بە پەیوەندییەکەمان لەگەڵ ئەو وڵاتە دەخشێنینەوە.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران رەتی دەکاتەوە، ئەمریکییەکان داوای وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆمیان کردبێت و دەشڵێت: ئێستا ئێمە سەرنجام لەسەر ئەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە ئاشتییانە بهێڵینەوە.
عراقچی ئاشکرای کرد کە پێشکەوتنێکی بەرچاو لە دانوستانەکاندا هاتووەتە ئاراوە و ئاماژەی بەوەش دا، شاندی هەر دوو وڵات ئێستا سەرقاڵی دانانی کۆتا دەستکارییەکانی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکەن.
عراقچی روونیشی کردەوە: "ڕەشنووسەکە لە سێ ڕۆژی داهاتوودا ئامادە دەبێت"، هیوای ئەوەشی خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی کۆتایی دوای چەندین ساڵ لە چەقبەستوویی دۆسیەی ئەتۆمی.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بە "بیرۆکەی راستەقینەوە بەشداریی دانوستانەکانی کردووە بۆ گەیشتن بە گرێبەستێکی دادپەروەرانە و یەکسان"، هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە لابردنی سزاکانی سەر ئێران ئەولەویەتی هەرە لە پێشینەی تارانە.
عراقچی لە وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ئیدارەکانی پێش تۆ لە رێگەی هێز و زۆردارییەوە هیچیان دەست نەکەوت تا تۆ بتوانیت لەم رێگەیەوە بە دەستی بهێنیت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 17ـی شوباتی 2026، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عوممان، لە جنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوە چوون.
بەدر بن حەمەد ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیبووی: لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئەمڕۆی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێشکەوتنی باش بەدەستهاتووە بە ئاراستەی دیاریکردنی ئامانجە هاوبەشەکان و پرسە تەکنیکییە پەیوەندیدارەکان و هەر دوو لا ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دیکە دەکەن