ئومێد خۆشناو: زۆربەی تابلۆی مۆڵ و چێشتخانەکانی هەولێر کراونەتە کوردی
لە هەولێر زۆربەی تابلۆی مۆڵ و چێشتخانەکانی هەولێر کراونەتە کوردی، هەروەها سبەی شەممە کە رۆژی جیهانی زمانی دایکە، پارێزگاری هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، بۆ پاراستنی زمانی دایک تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەمی شوێنە گشتییەکان ماون بکرێنە کوردی.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ هەینی،20ـی شوباتی 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای ئەوەی لە ساڵی 2023، سەۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاری دا سەرجەم تابلۆ و شوێنە گشتییەکان دەبێت بە کوردی بنووسرێن، هەولێر یەکەم شار بوو لیژنەیەکی باڵای دروستکرد و چەندین هەڵمەتی جیاوازمان دەستپێکرد و ئێستا لە زۆربەی چێشتخانە و مۆڵ و میوانخانەکان زمانی کوردی وەک زمانی یەکەم دەنووسرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، دوای ئەم بڕیارە ماوەیەک بە تەواوی خاوەنکارەکان درا بۆ ئەوەی زمانی کوردی بە سەرەکی لەسەر تابلۆکانیان بنووسن، لە ئەگەری جێبەجی نەکردنی پێبژاردنیان بۆ دەکرێت.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: نازانین بە دیاریکراوی سەدا چەند کراونەتە کوردی، بەڵام تەنیا چەند ژمارەیەکی کەم ماون و لە داهاتووش هیچ تابلۆیەک نامینێ بە زمانی دیکە.
21ـی شوباتی 2023، ھاوکات لەگەڵ رۆژی جیھانیی زمانی دایک، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر پاراستن و گرنگییدان بە زمانی دایک بڕیاری دا بەوە نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردیی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکوومی و ناحکوومییەکان، ھەروەھا نووسینگە و نوێنەرایەتی و کونسوڵگەری وڵاتان و رێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت بە کوردی بنووسرێن.
هەروەها ھۆتێل و شوێنە گەشتیاریی و رێستورانتەکان، پێویستە گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و رێبەر و رێنماییەکان بەزمانی کوردی ھەبێت.