ترەمپ: بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەمەوە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دواین لێدوانیدا سەبارەت بە ئێران ئاشکرای کرد، لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، ئەوا هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ئەو وڵاتە.
هەینی 20ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ پارێزگارەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆبووەوە.
ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووساندا گوتی: ئەگەر لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران نەگەیشتینە هیچ ڕێککەوتنێک ئەوا بیر لە ئەنجامدانی هێرشێکی ئاسمانی سنووردار دەکەمەوە.
هەر ئەمڕۆ هەینی، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لە بارەی هۆشداری و هەڕەشەی هێرشکردنەوەی سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو خۆیان تاقی کردەوە هێرشیان کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکان و زاناکانیان کوشت، بەڵام بەرنامەی ئەتۆمی لە نێو نەچوو، چونکە ئێمە پەرەمان بە پرۆگرامی ئەتۆمی داوە، بۆیە هیچ ڕێگەچارەیەکی سەربازی بۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە ئارادانییە.
عراقچی ڕوونیشی کردەوە: "ڕەشنووسەکە لە سێ ڕۆژی داهاتوودا ئامادە دەبێت"، هیوای ئەوەشی خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی کۆتایی دوای چەندین ساڵ لە چەقبەستوویی دۆسیەی ئەتۆمی.
عراقچی لە وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ئیدارەکانی پێش تۆ لە ڕێگەی هێز و زۆردارییەوە هیچیان دەست نەکەوت تا تۆ بتوانیت لەم ڕێگەیەوە بە دەستی بهێنیت.