دادگای باڵای ئەمریکا باجە گومرگییەکانی ترەمپی بەسەر وڵاتان هەڵوەشاندەوە
دادگای باڵای ئەمریکا گورزێکی گەورەی لە سیاسەتە ئابوورییەکانی دۆناڵد ترەمپ وەشاند و بڕیاری دا باجە گشتییەکان کە بەسەر کاڵای وڵاتانی جیهاندا سەپاندبووی، پووچەڵ بکاتەوە. دادگاکە ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتەکانی خۆی بەزاندووە و ئەمەش بە گەورەترین شکستی یاسایی دادەنرێت بۆ ترەمپ لەوەتەی گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی.
هەینی 20ـی شوباتی 2026، دادگای باڵای ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا دژی سیاسەتی باجی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەی و ڕایگەیاند، ترەمپ دەسەڵاتی ئەوەی نییە پشت بە "یاسای دەسەڵاتە ئابوورییە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان" (IEEPA) ببەستێت بۆ سەپاندنی باجی بەرفراوان بەسەر کاڵا هاوردەکراوەکاندا.
دادگاکە لە بڕیارەکەیدا ڕوونی کردووەتەوە، دەسەڵاتی سەپاندنی باج تایبەتە بە کۆنگرێس و ناکرێت یاسای فریاگوزاری بۆ سەپاندنی ئەرکی بازرگانیی گشتگیر بەکاربهێنرێت، بەمەش پاساوەکانی ئیدارەی ترەمپی ڕەت کردەوە کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد باجەکان بۆ "مامەڵەی هاوشێوە" و ڕێگریکردنە لە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەری فێنتانیل.
لەلایەکی دیکەوە، دۆمینیک لۆبلان، وەزیری بازرگانیی نێودەوڵەتیی کەنەدا پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگا سەلمێنەری ئەوەیە کە سەپاندنی ئەو باجانە لەلایەن ترەمپەوە "بێ پاساو" بوون.
بەو حاڵەشەوە، وەزیرە کەنەدییەکە ئاماژەی بەوە دا، هێشتا بەشێک لەو باجانەی زۆرترین زیانیان بە کەنەدا گەیاندووە، بەتایبەت باجی سەر کەرتەکانی پۆڵا، ئەلەمنیۆم و پیشەسازیی ئۆتۆمبێل، سەرەڕای بڕیارەکەی دادگا وەک خۆیان ماونەتەوە.
لۆبلان بەڵێنیشی دا، حکوومەتی ئۆتاوا لەگەڵ واشنتن کار دەکات بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی گەشەکردن لە هەردوولا و چارەسەرکردنی کێشە بازرگانییەکان.