نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیمەشق پرسی دەستاودەستکردنی دەسەڵات تاوتوێ دەکات
کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان: 191 عێراقی لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێنرێنەوە
شاندێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیمەشق زنجیرەیەک کۆبوونەوە بۆ پرسی گواستنەوەی دەسەڵات ئەنجام دەدات، هاوکات پرۆسەی بەتاڵکردنی کەمپی هۆل دەستی پێکردووە و لە نوێترین هەنگاویشدا بە سەرپەرشتیی یو ئێن، نزیکەی 200 هاووڵاتیی عێراقی گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتەکەیان.
هەینی 20ـی شوباتی 2026، ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، کلاودیۆ کۆردۆنی، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا و کاربەڕێکەری نوێنەرایەتییەکەیان گەیشتووەتە دیمەشق و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت، لایەنە سیاسییەکان، دیپلۆماتکاران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەنجام بدات.
دوجاریک ئاماژەی بەوە دا، ئامانجی سەردانەکە پاڵپشتیکردنە لە پڕۆسەی گواستنەوە و دەستاودەستکردنی سیاسی لە سووریا.
هاوکات ڤانێسا فرایزەر، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان و ململانێ چەکدارییەکان، کۆتایی بە سەردانێکی سێ ڕۆژە بۆ سووریا هێنا و وێڕای جەختکردنەوە لە فراوانکردنی میکانیزمەکانی پاراستنی منداڵان، هۆشداریی دا لە مەترسیی بەردەوامی مین و تەقەمەنییە نەتەقیوەکان و داوای لە وڵاتانی بەخشەر کرد هاوکارییەکانیان بۆ ئەو مەبەستە زیاد بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانیان، 191 هاووڵاتیی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق.
گۆنزالۆ ڤارگاس، نوێنەری کۆمیسیۆنی UNHCR لە سووریا ئاشکرای کرد، لە قۆناغی تۆمارکردنەوە تا گەیشتن بە سنوور، سەرپەرشتیی پڕۆسەکەیان کردووە و پێشبینی دەکات بەم هەنگاوە و گەڕانەوەی خێزانە سوورییەکانیش، کەمپەکە بە کردەیی بەتاڵ بێتەوە.
ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ دۆخێکی ئاڵۆزی کەمپەکە لە حەسەکە؛ بەپێی ڕاپۆرتەکان دوای کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە حکوومەتی سووریاوە، دۆخی ئەمنی ئاڵۆز بووە و چەندین خێزانی چەکدارانی داعش هەڵاتوون یان بەرەو ئیدلب و حەلەب گواستراونەتەوە، ئەمەش پرسیاری جددی لەسەر چارەنووسی کەمپەکە دروست کردووە.