ترەمپ لە وەڵامی دادگای باڵا ئەمریکا: باجی 10% زیاتر دەخەینە سەر هەموو وڵاتان

دوای ئەوەی دادگای باڵای ئەمریکا باجە گومرگییەکانی هەڵوەشاندەوە، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی بەپەلەدا هێرشی توندی کردە سەر دادوەرەکان ئاشکراشی کرد کە لە رێگەی ئەو باجانەوە ڕێگری لە هەڵگیرسانی هەشت جەنگ کردووە؛ هاوکاوت رایگەیاند، فەرمان دەکات بە سەپاندنی باجی 10%ـی دیکە بەسەر تەواوی وڵاتانی جیهاندا، جەختیشی کردەوە کە داهاتی ئەمریکا بەهۆی ئەم بڕیارەوە زیاتر دەکات.

ئەمڕۆ هەینی، 20ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە وەڵامی بڕیارەکەی دادگای باڵای دایەوە و رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگا لەسەر باجەکان زۆر جێگەی بێئومێدییە و شەرم لە هەندێک لە ئەندامانی دادگاکە دەکەم کە ئازایەتی ئەوەیان نەبوو بڕیارێکی دروست بۆ وڵاتەکەمان بدەن.

ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا تۆمەتی خستە پاڵ دادگا و گوتی: بە بڕوای من دادگا کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بەرژەوەندییە دەرەکییەکان و بزووتنەوەیەکی سیاسیی بچووک.

سەبارەت بە کاریگەریی بڕیارەکە لەسەر وڵاتانی دیکە، ترەمپ گوتی: ئەو وڵاتانەی ساڵانێکە دەمانبڕنەوە و فێڵمان لێ دەکەن، ئێستا لە خۆشیدا دەفڕن و لەسەر شەقامەکان سەما دەکەن، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە سەماکەیان زۆر درێژە ناکێشێت.

سەرۆکی ئەمریکا بەرگریی لە سیاسەتی سەپاندنی باج کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو سیاسەتە رۆڵی هەبووە لە سەقامگیریی جیهان، لەو بارەیەوە گوتی: من 8 جەنگم یەکلا کردووەتەوە و کۆتاییم پێ هێناون، حەز بکەن یان نا، باجەکان بەکارهێنراون بۆ کۆتاییهێنان بە 5 لەو جەنگانە، لەنێویاندا کێشەی نێوان هیندستان و پاکستان کە جەنگێکی گەورە بوو و ئەگەری هەبوو ببێتە جەنگێکی ئەتۆمی، هەروەها بەهۆی باجەکانەوە هاتنی ماددەی هۆشبەری فێنتانیل بە رێژەی 30% کەمیکردووە."

ترەمپ هێرشی کردە سەر دادوەرە دیموکراتەکان و بەوە وەسفی کردن کە هەمیشە دەنگیان "نەخێر"ە بۆ هەر شتێک کە ئەمریکا بەهێز بکات، هاوکات شانازیی بەوەوە کرد کە بازاڕی بۆرسەی ئەمریکا لە سەردەمی ئەودا ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە

ترەمپ: من ئەحمەد شەرعم کردە سەرۆکی سووریا

ترەمپ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی سووریا و ئەحمەد شەرع, سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، "ئەو سەرۆکەی سووریا کە من بە کردەیی لەوێدام ناوە، کارێکی نایاب دەکات و سووریا بە باشی بەرەو یەکگرتنەوە هەنگاو دەنێت 

سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا، ترەمپ جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکان باش دەڕۆن و گوتی: "تاوەکوو ئێستا سەرۆکی سووریا زۆر باش بووە بەرانبەر بە کوردەکان."

ترەمپ: بژاردەی تاران تەنیا دانوستانە

هەروەها ترەمپ سەبارەت بە ئێران ئاماژەی دا، ترەمپ لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، 32,000 کەس لە ئێران کوژراون، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکوتکارییە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە.

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا کە بژاردەی تاران تەنیا دانوستانە و باشترە بۆیان کە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بکەن