بەیاننامەی هاوبەشی سێ دامەزراوەی کوردی لە ئەورووپا: زمانمان شکۆمانە
بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک لە 21ـی شوبات، دامەزراوە کوردییەکان لە سویسرا، برۆکسل و ستۆکهۆڵم بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا جەختیان لەوە کردەوە کە خوێندن بە زمانی دایک مەرجێکی بنەڕەتی و سەرەکییە.
هەینی 20ـی شوباتی 2026، دامەزراوەی کوردی لە ئەورووپا، لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە، رێکخراوی یونسکۆ لە ساڵی 1999دا رۆژی 21ـی شوباتی وەک رۆژی جیهانیی زمانی دایک راگەیاندووە، ئەم رێکەوتەش وەک رێزێک بۆ یادی ئەو خوێندکارانەی زانکۆ دیاری کراوە کە لە کاتی بزووتنەوەی زمانی بەنگالیدا لە بەنگلادیش گیانیان لەدەستدا. هەروەها جەخت کراوەتەوە، رۆژی جیهانیی زمانی دایک ساڵانە لە وڵاتانی ئەندامی یونسکۆدا پیرۆز دەکرێت و تێیدا فرەزمانی دەپارێزرێت.
دامەزراوەکان جەختییان لەوەکردووەتەوە، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، کە لە لایەن یونسکۆوە دیاری کراوە، یادی زمانی دایکی گەلەکەمان پیرۆز دەکەین، ئاماژەیان بەوەشکردووە، زمان گرنگترین ئامرازی پەیوەندییە لە ژیاندا، هەر نەتەوەیەکیش شکۆ و بوونی خۆی لە رێگەی زمانەکەیەوە دەپارێزێت، لەدەستدانی زمانی هەر نەتەوەیەک دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەها، مێژوو، کولتوور، هونەر و ناسنامەکەی.
باس لەوەشکردوە، رۆژی جیهانیی زمانی دایک ئەوەمان بیردەخاتەوە کە پاراستنی زمانمان بەرپرسیارێتی هەمووانە و ئەرکە لەسەر شانمان کە ئەم بەها پیرۆزە بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازینەوە.
لە جیهاندا نزیکەی 6 بۆ 7 هەزار زمان هەیە، کە 2500 بۆ 3000یان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.
لە بەیننامەکەدا هاتووە، گەلی کوردی خاوەنی زمانێکی دێرینە، ئێمە هەزاران ساڵە زمانەکەمان لەسەر خاکی خۆمان چنیوە، زمانی کوردی یەکێکە لە کۆنترین و رەسەنترین و خاوەن رەگترین زمانەکانی جیهان.
زمانی کوردی لە چوار زاراوەی سەرەکی پێکدێت: کرمانجی، سۆرانی، زازاکی و هەورامی، کە هەر زاراوەیەکیان بۆ خۆی زمانێکی سەربەخۆیە، فەیلەسوف، زانا، رۆشنبیر و بیرمەندانی کورد سەدان دەستنووس و بەرهەمی ئەدەبی و مێژووییان بەم زمانە نووسیوە، بەڵام لەگەڵ دابەشبوونی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتدا، زمانی کوردی رووبەڕووی سیاسەتی نکۆڵیکردن، پەراوێزخستن و توانەوە بووەتەوە.
بەیاننامەکە بە تایبەت تیشکی خستووەتە سەر سیاسەتەکانی توانەوە لە باکووری کوردستان و ئاماژەی بەوە کردووە، بەکارهێنانی زمانی کوردی لە زۆر ناوچەدا کەمی کردووە و زمانەکە رووبەڕووی مەترسی توانەوە و تێکچوونی رێکخراو بووەتەوە.
ئەو دامەزراوانە دووپاتیان کردووەتەوە، پاراستنی زمان بە واتای پاراستنی بوونی نەتەوەیی دێت و جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە خوێندن بە زمانی دایک پرسێکی بنەڕەتییە. بەیاننامەکە بەم وشانە کۆتایی هاتووە:
"بۆ پاراستن و گەشەپێدانی زمان، خوێندن بەو زمانە مەرجێکی بنەڕەتییە، ئەو نەتەوەیەی بە زمانی دایکی دەخوێنێت، زمان و بەها و شکۆی خۆی دەپارێزێت، چونکە زمان یادگەی مێژوو، بەهاکان و شکۆی نەتەوەیە."