ئەمریکا هەنگاوەکانی کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق دەستپێدەکات

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بە فەرمی کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاگادار کردەوە لە دەستپێکردنی قۆناغی پلاندانان بۆ دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق، دوای تێپەڕبوونی 13 ساڵ بەسەر داخستنیدا.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاراستەی کۆنگرێسی کردووە و ئاژانسی "ئەسۆشیێتد پرێس" بڵاوی کردووەتەوە، واشنتن بەنیازی گرتنەبەری "شێوازێکی پلەبەندییە" بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە دیپلۆماسییەکانی لە سووریا، لە ئاگادارییەکەدا هاتووە کە پرۆسەی تەرخانکردنی بودجە و خەرجییەکان بۆ ئەم مەبەستە لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکات، هەرچەندە تا ئێستا کاتێکی دیاریکراو بۆ گەڕانەوەی تەواوەتی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان دەستنیشان نەکراوە.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ ستایشی دۆخی ئێستای سووریای کرد و رایگەیاند، "سەرۆک ئەحمەد شەرع کارێکی گەورە دەکات و سووریا بەرەو یەکگرتووییەکی باش هەنگاو دەنێت."

پڕۆژەی کردنەوەی باڵیۆزخانەکە یەکێک بووە لە کارە لەپێشینەکانی تۆ، بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، کە ساڵی رابردوو لە سەردانێکیدا بۆ دیمەشق، ئاڵای ئەمریکای لەسەر باڵەخانەی نیشتەجێبوونی باڵیۆز شەکاندەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ساڵی 2012 و لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی سووریاوە داخرابوو، ئێستاش ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و دیمەشق لێک دەدرێتەوە.