زمانی کوردی دەبێتە مۆرکی سەر شەقام و کۆڵانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

چەند ساڵێکە بە بڕیاری ئەنجوومەنی شارەوانیی چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی کوردی لە سەر شەقام و کۆڵانەکانی ئەم شارانە دانراوە. ئێستا شەپۆلی ناوی کوردی بۆ کۆڵانەکان گەیشتووەتە گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش. 

ئەمە گوندێکی بچووکی پارێزگای کرماشانە کە دانێشتووانەکەی کارێکی گەورەیان کردووە، گوندی چلانێی سەر بە شاری روانسەر، یەکەم گوندی ئەو پارێزگایەیە کە کۆڵانەکانی ناوی کوردییان لێ نراوە و تابلۆیان بۆ دانراوە و شوناسێکی تەواو کوردانەیان بە گوندەکە بەخشیوە، عوسمان کە 12 ساڵە بەڕێوەبەری ئەو گوندەیە داوا لە ئەنجوومەن و بەڕێوەبەرانی گوندەکانی دیکە دەکات ئەوانیش ناوی کوردی لەسەر کۆڵانەکانی گوندەکانیان دانێن.

عوسمان وەلی زادە، بەڕێوەبەری گوندی چلانێ رایگەیاند، من داواکاریم ئەوەیە لە هەموو ئاواییەکانی دیکەش ئەوەیە کە لانی کەم زمانی کوردی بۆ ناوی کۆڵانەکانیان بەکاربێنن، چونکە ئێمە خۆمان کوردین، هیچ دژایەتییەکمان لەگەڵ هیچ زمانێک نییە، چۆن دەبێت خۆمان کوردبین، سوود لە زمانێکی وەربگرین.

گوندی چلانێ، یەکێک لە کۆنترین گوندەکانی ناوچەی هەورامانە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە ئیمپراتۆریی ساسانی، جیا لەمەش گوندێکی گەشتیارییە کە ساڵانە بە تایبەت لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا گەشتیارێکی زۆر رووی تێ دەکەن. ئەم گوندە 60 ماڵی لە خۆ گرتووە و ژمارەی دانیشتووانی نزیک 200 کەسە، خەڵکی کوندەکە بەو بڕیارەی بەڕێوەبەر و ئەنجومەنی گوند خۆشحاڵن.

محەممەد ئەمین عەلیخانی، دانیشتووی گوندی چلانێ دەڵێت، لێرەدا چەند کانییەک هەبووە، کانییە کۆنەکان سێ چوار دانە کانی تاوگ، کانی پیاوان، کانی ژنان، کانی حامی، ئاوا سێ چوار دانە کانی تاوگ هەبووە، ئێمەش ناومان نا کانی ئاو، نزار-یش ئەوە وەکو دۆڵێک وایە و حاڵەتی نزاری هەیە، ناومان نا نزار، خۆر هەتا دەچێتە ئاوا، خۆری بەر ناکەوێت، بۆیە ناومان نا نزار.

جیا لە ناونانی شەقام و کۆڵانی شار و گوندەکان، ماوەیەکە فەرمانگەی رێگاوبانی کرماشان بە بێدەنگی و بێ ئەوەی لە راگەیاندنەکان بڵاو بێتەوە، زمانی کوردیشی لە تەنیشت زمانی فارسی بۆ بەشێک لە تابلۆ و هێماکانی هاتوچۆی نێوان شارەکانی ئەم پارێزگایە زیاد کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی خۆشحاڵیی دانیشتووانی ئەم پارێزگایە و چاوەڕێ دەکرێ بەکار هێنانی زمانی کوردی بۆ هێماکانی هاتوچۆ لە پارێزگاکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش رەچاو بکرێت.