هەولێر.. هەڵمەتێکی فراوان بۆ خاوێنکردنەوە و ئامادەکردنی مزگەوتەکان دەستیپێکرد

(وێنە؛ کۆنگرەی رۆژنامەوانی پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو)
(وێنە؛ کۆنگرەی رۆژنامەوانی پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو)

ئەمڕۆ شەممە، 21ـی شوباتی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانی بۆ خاوێنکردنەوە و رێکخستنی مزگەوت و ناوەندە ئایینییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر راگەیاند، کە وەک ئامادەکارییەک بۆ پێشوازی لە موسڵمانان و نوێژخوێنان ئەنجام دەدرێت.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەڵمەتە، وەک نەریتی ساڵانی رابردوو، لە مزگەوتی سەواف لە شاری هەولێرەوە دەستپێدەکات و گوتی: "دوای ئەم مزگەوتە، پرۆسەی خاوێنکردنەوە لە تەواوی مزگەوتەکانی دیکە بەردەوام دەبێت و سەرجەم ئەو پێداویستییانەی بۆ ژینگەپارێزی و پاکڕاگرتن پێویستن، بەسەریاندا دابەش دەکرێن."

ئومێد خۆشناو جەختی کردەوە، ناوەندە ئایینییەکان لەم وەررزەدا زۆرترین سەردانیکەریان دەبێت، بەتایبەت لە شەواندا بۆ ئەنجامدانی نوێژی تەراویح و فەرزە ئایینییەکان، بۆیە پێویستە ژینگەیەکی پاک و گونجاو بۆ نوێژخوێنان دابین بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری هەولێر داوای لە هاووڵاتیان و موسڵمانان کرد، هاوکار بن لە سەرخستنی ئەم هەڵمەتە و رایگەیاند: "ئومێد دەکەین موسڵمانان کاتێک سەردانی مزگەوتەکان دەکەن، خۆیان بەشێک بن لە پارێزگاریکردن لە ژینگە و خزمەتگوزارییەکانی ناوەندە ئایینییەکان، بۆ ئەوەی پێکەوە ژینگەیەکی تەندروست و پاک لە سەرتاسەری هەولێردا بپارێزین."